لیستی مووچەی مانگی 10 رەوانەی بەغدا کرا
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەم و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول رەوانەی بەغدا کرا .
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی تشرینی یەکەمی 2026 بە واژۆی ئاوات شێخ جەناب لیستی مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ئەیلوول لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەغدا کرا و سبەی پێنجشەممە بەفەرمی رادەستی فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە راگەیەندراوەکەدا تێبینییەکی خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە، لە روانگەی ئەوەی پرسی مووچە بابەتێکی نیشتمانییەو بەمەبەستی دروست نەبوونی هیچ کێشەیەک بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چین و توێژە جیاوازەکان، ئاوات شێخ جەناب واژۆی لەسەر لیستی مووچە کردووە ، ئەوەش لە کاتێکدایە لە 29ی ئەیلوولەوە واژۆی لەسەر هیچ نوسراوێک نەکردووە و سوورە لەسەر هەڵوێستەکانی کە لەسەرەتای ئەم مانگەوە رایگەیاندووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، لەسەر ئاستی عێراق، پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەستیپێکردووە و ئەو وەزارەتانەی داهاتی خۆیان هەیە وەک وەزارەتی نەوت و دارایی مووچەیان وەرگرتووە. هاوکات بڕیارە لە سبەینێوە وەزارەتی دارایی عێراق دەست بە خەرجکردنی پارە بۆ سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی دیکەش بکات.
پەیامنێری کوردستان24 لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئاشکرای کرد، بەپێچەوانەی مانگەکانی پێشوو هیچ کێشەیەکی نەختینە لە بەردەستدا نییە و پلانەکە بە جۆرێکە کە ئەم مانگە بەراورد بە مانگی رابردوو، دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی عێراق و هەرێمی کوردستان چەند رۆژێک بێتە پێشەوە و زووتر بگاتە دەست مووچەخۆران.