فیلمی "پاسکیلە شینەکە" لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کورت لە جەزائیر نمایش دەکرێت
کورتەفیلمی "پاسکیلە شینەکە"، لە دەرهێنانی سیاوەش ساعدبەنایه، لە یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کورت لە تەندوفی جەزائیر هەڵبژێردراوە و پێشبڕکێی بەدەستهێنانی خەڵات دەکات.
پێنجشەممە، 22ی تشرینی یەکەمی 2026، سیاوەش ساعدپەنا، دەرهێنەری کورتەفیلمەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە خولی یەکەمی ئەم فێستیڤاڵەدا، 31 فیلم لە سێ بەشی فیلمی چیرۆکی، دۆکیۆمێنتاری و کارتۆنی بەشداری دەکەن. 21 فیلمی چیرۆکی، 7 فیلمی دۆکیۆمێنتاری و 3 فیلمی کارتۆنی هەڵبژێردراون بۆ پێشبڕکێی فەرمی."
سیاوەش ساعدپەنا سەبارەت بە گرنگیی فێسیڤاڵەکە گوتی، "فێستیڤاڵەکە لەلایەن کۆمەڵەی سەحرا بۆ شانۆ و هونەرەکانی بیستن و بینینەوە رێکخراوە و ئەم چالاکییە سینەمایییە هەوڵ دەدات فیلمی کورت وەک بوارێک بۆ داهێنان، تاقیکردنەوەی شێوازە نوێیەکانی گێڕانەوە و دەربڕینی بیرۆکە و ئەزموونی مرۆیی بناسێنێت."
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "بەشداریی فیلمی "پاسکیلە شینەکە"، لە پێشبڕکێی فەرمیی فێستیڤاڵەکەدا، دەرفەتێکە بۆ پێشکەشکردنی بەرهەمێکی سینەمایی کوردی لە چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتیدا و تێکەڵبوون بە ئەزموونی فیلمسازانی تر لە ژینگە و کولتوورە جیاوازەکانەوە."
سەبارەت بە چیرۆکی کورتەفیلمەکە، سیاوەش ساعدپەنا دەڵێت، "ئەو کورتەفیلمە چیرۆکێکی مرۆیی و کۆمەڵایەتییە کە ژیانی مامۆستایەک لە ناوچەی شاخاویی ئەورامانات دەخاتەڕوو. فیلمەکە لە رێگەی چیرۆکی خۆیەوە باس لە لەدەستدان، تەنیایی، هاوسۆزی، مرۆڤایەتی و لێبوردەیی دەکات و هەوڵ دەدات بە زمانی سینەما، ژیانی مرۆڤانی ناوچە شاخاوییەکان و کێشە و هەستەکانیان بگەیەنێت."
ئەو دەرهێنەرە جەختی کردەوە، "ئەو کورتەفیلمە پێشتر لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی دهۆک، لە بەشی فیلمە کوردییەکان بەشدار بووە و وەک بەرهەمێکی سینەمای کورت لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵەکەدا پێشکەش کراوە. هەروەها فیلمەکە لە شەشەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی لە بەشی فیلمە کورتە کوردییەکاندا بەشدار بوو. منیش لە هەمان فێستیڤاڵدا لە بەشی پانێڵ بەشداریم کر و ئەزموون و زانیارییەکانی خۆم لەگەڵ فیلمسازان و بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە هاوبەش کرد."
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی کورت لە تەندوفی جەزائیر، لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 2026، بەبەشداری فیلمێکی کوردی بەڕێوەدەچێت و چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.