رێمان ئەحمەدی 11 ساڵان بچووکترین نووسەری پێشانگای کتێبە
رێمان ئەحمەد، منداڵێکی تەمەن 11 ساڵانە و توانیویەتی لە رێگەی نووسینی کتێبێکی چیرۆکی ئەنیمەیشن بە زمانی ئینگلیزی، سەرنجی خوێنەران و سەردانکەرانی پێشانگەی کتێب بۆ لای خۆی رابکێشێت، هاوکات پلانی هەیە بەرهەمی داهاتووی لەسەر پرسی کوردایەتی بێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، رێمان ئەحمەد، بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە ئێستا تەمەنی 11 ساڵە، بەڵام پرۆسەی نووسینی ئەم کتێبە دەگەڕێتەوە بۆ تەمەنی هەشت ساڵیی، بەرهەمەکەی چیرۆکێکی تایبەت بە منداڵانە لە شێوازی ئەنیمەیشن، لە هەمان کاتدا گەورەکانیش دەتوانن بیخوێننەوە و چێژی لێ ببینن.
ئەو منداڵە نووسەرە دەڵێت "کتێبەکەم بە زمانی ئینگلیزی نووسیوە، بەڵام لە پلانمدایە لە رێگەی وەرگێڕانەوە بە هەردوو زمانی کوردی و عەرەبیش چاپ و بڵاوی بکەمەوە تاوەکو منداڵانی دیکەش سوودی لێ وەرگرن و بچووکترین نووسەری نێو پێشانگایەکەم".
سەبارەت بە پشتیوانی و چاپکردنی یەکەمین بەرهەمی، رێمان باسی لە رۆڵی خێزانەکەی کرد و گوتی "هاندەری سەرەکیم دایک و باوکم بوون، بەتایبەتی دایکم کە لەو کاتانەی نووسین بۆم زەحمەت بوو بەردەوام هانی دەدام و دەیگوت هێشتا بنووسە، دواتریش باوکم لە تایپکردن و ئامادەکردنی کتێبەکەدا لەگەڵ کارمەندێکی خۆیان بە ناوی شاکر هاوکارم بوو، دواتر بۆ چاپکردن ڕەوانەی وڵاتی ئێرانمان کرد."
رێمان ئەحمەد خۆشحاڵیی خۆی بە پێشوازیی خوێنەران دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد کە خەڵکێکی زۆر کتێبەکەیان کڕیوە، هەروەها دەربارەی پلانی داهاتووشی ئاشکرای کرد کە سەرقاڵی پڕۆژەی نووسینی کتێبێکی نوێیە تایبەتە بە بابەتی "کوردایەتی".
ئەو منداڵە دەربارەی پەیامی کتێبە نوێیەکەی گوتی "دەبێت یەکێک بێت و زۆر بەجوانی لەسەر کوردایەتی بنووسێت، تاوەکو هەموو خەڵکی لە سەرانسەری جیهاندا دەربارەی دۆزی کورد و ناسنامە و سیاسەتەکەمان بزانن.