ڤانس: مۆسکۆ و کیێڤ دەست بە دانوستان دەکەنەوە

 جێگری سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، واشنتن پێیوایە هەریەکە لە مۆسکۆ و کیێڤ رێککەوتوون لەسەر گەڕانەوە بۆ دانوستانەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنی ململانێکانی ئۆکرانیا.

پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ویلایەتی ئۆهایۆ گوتی: "پێموایە هەردوو وڵات رێککەوتوون لەسەر گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ. هۆکاری ئەوەی تا ئێستا نەگەیشتووینەتە رێککەوتنی ئاشتی، بوونی جیاوازییەکی گەورەیە لە هەڵوێستی هەردوولادا سەبارەت بە هەندێک لە پرسە گرنگەکانی پەیوەست بە دانوستانەکانەوە."

ئەم لێدوانەی جێگری سەرۆکی ئەمریکا هاوکاتە لەگەڵ لێدوانی سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا کە جەختیکردەوە، گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکانی ئۆکرانیا رووبەڕووی ئاڵنگاریی گەورە دەبێتەوە. ریابکۆڤ پێداگریی لەوە کرد کە هەر چارەسەرێک دەبێت بە شێوەیەکی بنەڕەتی و بەردەوام، چارەسەری ئەو هۆکارانە بکات کە پاڵیان بە مۆسکۆوە نا بۆ دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت".

ریابکۆڤ پێنجشەممە لە میانی کۆڕبەندی ئابووری لە نیژنی نۆڤگۆرۆدی رووسیا، بەپێی ئاژانسی "تاس" رایگەیاند، هەوڵەکانی ئێستا چڕکراونەتەوە لەسەر دۆزینەوەی دەرچەیەک بۆ قەیرانی ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی، بەڵام روونیشیکردەوە کە دۆزینەوەی رێگایەک بەرەو چارەسەر هەرگیز کارێکی ئاسان نییە.

لەلایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا پێنجشەممە رایگەیاند، ئەو هێرشە ئاسمانییانەی رووسیا لە ماوەی شەودا ئەنجامیداون، بەڵگەن لەسەر ئەوەی "هیچ گۆڕانکارییەک" لە هەڵوێستی مۆسکۆدا رووی نەداوە، سەرەڕای هەوڵە نوێیەکانی ئەمریکا بۆ بووژاندنەوەی رێڕەوی دیپلۆماسی.

زێلێنسکی لە رێگەی پەیامێکەوە لە تێلێگرام نووسیویەتی، "نزیکەی راستەوخۆ دوای زنجیرەیەکی نوێ لە وتووێژەکان، رووسیا هێرشێکی وردی ئەنجامدا، ئەمەش بەو مانایەیە کە هیچ گۆڕانکارییەکی راستەقینە لە هەڵوێستی ئەواندا سەبارەت بە رووداوەکان رووی نەداوە."

جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا زیاتر لە 4 ساڵە بەردەوامە، دوای ئەوەی مۆسکۆ لە 24ـی شوباتی 2022دا دەستپێکردنی "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت"ـی لە ئۆکرانیا راگەیاند. لەو کاتەوە رووسیا جەخت دەکاتەوە کە هەر چارەسەرێک دەبێت "هۆکارە ریشەییەکانی قەیرانەکە" لەبەرچاو بگرێت، لە کاتێکدا کیێڤ و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی دووپاتی دەکەنەوە کە کۆتاییهێنان بە جەنگ، پێویستی بە کشانەوەی هێزەکانی رووسیا و رێزگرتنە لە سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئۆکرانیا.

هەرچەندە لە مانگەکانی رابردوودا چەندین هەوڵی دیپلۆماسی بۆ دەستپێکردنەوەی رێڕەوی دانوستان و گەیشتن بە ئاگربەست دراون، بەڵام بەردەوامیی ناکۆکییەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ لەسەر مەرجەکانی ئاشتی، تا ئێستاش رێگرە لە بەدیهێنانی بەرەوپێشچوونێکی بەرچاو بۆ کۆتاییهێنان بەو ململانێیە.