ترەمپ: هەرگیز رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
سەرۆکی ئەمریکا، هێرشی کردە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران و رایگەیاند، تاران هەموو توانای خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی ئەمریکا نرخی نەوت بەرز بکاتەوە.
پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، ئێران پەنا بۆ دروستکردنی سیناریۆی هێرشی ساختە و چاندنی مین و پڕوپاگەندەی جۆراوجۆر دەبات، لە کاتێکدا بە بە گوتەی ئەو، ئێستا قەبارەی هەناردە و تێپەڕبوونی نەوت لە گەرووی هورمزەوە تەنانەت لە قۆناخی پێش دەستپێکردنی ململانێکانیش زیاترە.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی تارانی بە "دەسەڵاتێکی شەڕەنگێز" ناوبرد و تۆمەتباری کرد بە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران، ترەمپ باسی لەوە کرد، لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگدا 75 هەزار خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات رەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پارتی دیموکراتی ئەمریکا گرت و بە کەمتەرخەم لە ئاست ئەم دۆخەدا وەسفی کردن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ پێداگریی لەسەر هێڵی سووری واشنتن بەرامبەر دۆسیەی ئەتۆمیی تاران کردەوە و رایگەیاند: "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و هەرگیز رێگەی پێ نادرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست بهێنێت."
ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لە کاتێکدایە، گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنتن تا دێت روو لە هەڵکشانی زیاتر دەکات، هاوکات سەرۆکی ئەمریکا پێشتر لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پەشیمانە لە هەڵگیرسانی جەنگ دژ بە ئێران، ترەمپ بە توندی وەڵامی دایەوە و گوتی:"نەخێر، بە بڕوای من ئەمە یەکێک بوو لە مەزنترین ئەو کارانەی کە کردوومانە، ئێمە بە تەواوی رێگریمان لە ئێران کرد ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."