تاران پێدانی فەرمان بە حووسییەکان رەتدەکاتەوە و هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات
ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران رایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن وڵاتەکەی فەرمانی ئۆپەراسیۆنی بۆ حووسییەکان لە سەنعا دەردەکات، دوورن لە راستی و نادروستن. هاوکات سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دایە واشنتن لە درێژەدان بە هەڵسوکەوتەکانی لە گەرووی هورمز.
پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین رەزایی، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئێران رایگەیاند، "ئێمە بەرپرسیارین لە بڕیارەکانی خۆمان لە گەرووی هورمز، و حووسییەکانیش خۆیان بەرپرسیارن لە بڕیارەکانیان لە گەرووی بابولمەندەب." رایگەیاند، هیچ بڕیارێکی هاوبەشی ئێرانی-یەمەنی بۆ داخستنی تەواوەتیی بابولمەندەب بە رووی کەشتیوانیی بازرگانیدا لە ئارادا نییە.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، حووسییەکان یەکەیەکی سەربازیی سەر بە ئێران نین، بەڵکو بڕیارەکانی پەیوەست بە خاکی یەمەن لەلایەن خودی یەمەنییەکانەوە دەدرێن. گوتیشی: "ئێمە پەیوەندیی سیاسیمان لەگەڵ حووسییەکان هەیە و هەرگیز پشتیوانیی خۆمان بۆ بەرگریی ئەوان نەشاردووەتەوە، بەڵام گوتنی ئەوەی ئۆپەراسیۆنی (موخا) ئۆپەراسیۆنێکی ئێرانی بووە، یان وێناکردنی ئەوەی گوایە تاران فەرمانی مەیدانی بۆ سەنعا دەنێرێت، بە تەواوی ناڕاستە."
لەلایەکی دیکەوە، سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی دایە ئەمریکا و رایگەیاند، ئەگەر سوپای ئەمریکا لەسەر رێباز و کردەوەکانی ئێستای لە گەرووی هورمز بەردەوام بێت، بازنەی رووبەڕووبوونەوەکان فراوان دەبێت و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە تەواوی ناوچەکەدا دەگرێتەوە.
ئەم لێدوان و هەڕەشانەی ئێران دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ترووس سۆشیاڵ رایگەیاند، ئێران پەنا بۆ دروستکردنی سیناریۆی هێرشی ساختە و چاندنی مین و پڕوپاگەندەی جۆراوجۆر دەبات، لە کاتێکدا بە گوتەی ئەو، ئێستا قەبارەی هەناردە و تێپەڕبوونی نەوت لە گەرووی هورمزەوە تەنانەت لە قۆناغی پێش دەستپێکردنی ململانێکانیش زیاترە.
هەروەها سەرۆکی ئەمریکا دەسەڵاتی تارانی بە "دەسەڵاتێکی شەڕەنگێز" ناوبرد و تۆمەتباری کرد بە سەرکوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران، ترەمپ باسی لەوە کرد، لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگدا 75 هەزار خۆپیشاندەر کوژراون، هاوکات رەخنەی توندی لە بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و پارتی دیموکراتی ئەمریکا گرت و بە کەمتەرخەم لە ئاست ئەم دۆخەدا وەسفکردن.
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ پێداگریی لەسەر هێڵی سووری واشنتن بەرامبەر دۆسیەی ئەتۆمی تاران کردەوە و رایگەیاند، "ئێران هەرگیز ناتوانێت ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و هەرگیز رێگەی پێ نادرێت چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت."