هاوپەیمانیی عەرەبی مووشەکێکی بالیستیی حووسییەکانی تێکشکاند

تورکی مالکی، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانیکردنی شەرعییەت لە یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان مووشەکێکی بالیستییان تێکشکاندووە کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی نەجران کرابوو.

پێنجشەممە 22ـی تشرینی یەکەمی 2026، هاوپەیمانییەکە پێشتر لە هەمان رۆژدا رایگەیاندبوو، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 11 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی حووسییەکانیان لە چوار ناوچەی سعوودیە تێکشکاندووە. لەو چوارچێوەیەدا، پێنج فڕۆکە لە ناوچەکانی ریاز و مەدینە، پێنج فڕۆکەی دیکە لە ناوچەی رۆژهەڵات و فڕۆکەیەکی دیکەش لە ناوچەی باشوور خراونەتە خوارەوە.

لە مانگی تەممووزی 2026ـەوە گرژییە سەربازییەکانی نێوان حووسییەکان و سعوودیە بەردەوامن. ئەم دۆخە لەکاتێکدایە کە شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەو گرووپە و هێزەکانی حکوومەتی یەمەن پەرەیان سەندووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکانی سعوودیە و حووسییەکان، لە مانگی تشرینی یەکەمی ئێستادا هێرشەکانی حووسییەکان زیاتر فڕۆکەخانەکانی مەلیک خالید لە ریاز، ئەبها، جازان، نەجران و دەمامیان کردووەتە ئامانج. هەروەها چەند دامەزراوەیەکی نەوتی و پێگەی سەربازی لەو هێرشانەدا کراونەتە ئامانج.

سعوودیە لە ئاداری 2015ـەوە سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکات بە ئامانجی پشتیوانیکردنی حکوومەتی شەرعیی یەمەن لە بەرامبەر حووسییەکان. حووسییەکان کە تۆمەتبارن بە وەرگرتنی پشتیوانیی ئێران، لە ئەیلولی 2014ـەوە کۆنترۆڵی سەنعای پایتەخت و چەند پارێزگایەکی دیکەیان کردووە.