پووتین پلانی جەنگ دژی وڵاتانی ئەوروپا رەتدەکاتەوە

 سەرۆکی رووسیا جەختیکردەوە، ئەو ناوچانەی لە رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی رووسیاوە کۆنترۆڵکراون، لە روانگەی ئەو وڵاتەوە بە خاکی مێژوویی رووسیا هەژمار دەکرێن، جەختیشیکردەوە، رووسیا هیچ پلانێکی جەنگی دژی ئەوروپا دانەڕشتووە.

هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا رایگەیاندووە، ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ئۆکرانیا خاکی مێژوویی رووسیان. ئەو لێدوانانە نیشانەی ئەوەن مۆسکۆ بەردەوامە لەسەر هەڵوێستی پێشووی بەرامبەر بەو ناوچە ئۆکرانییانەی لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانیدان.

سەرۆکی رووسیا هاوکات ئامادەکاریی وڵاتەکەی بۆ هەر جەنگێک دژی وڵاتانی ئەوروپا رەتیکردەوە و جەختیکردەوە، هیچ پلانێکی مۆسکۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بوونی نییە.

سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان، پووتین روونیکردەوە، دانوستانە سێقۆڵییە چاوەڕوانکراوەکانی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا و ئەمریکا، پرسی گەرەنتییکردنی ئاسایشی رووسیا و ئۆکرانیا تاوتوێ دەکەن.

ئەو لێدوانانە لە کاتێکدا دێن، سەرۆکی رووسیا بە بنەما رازی بووە دانوستانە سێقۆڵییەکان بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا دەستپێبکەنەوە. ئەم بڕیارە دوای ئەو وتووێژانە دێت کە چوارشەممەی رابردوو لە سان پێتێرس بۆرگ لەگەڵ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا کردبوونی.