لە ئاییندەیەکی نزیکدا زیاتر لە حەوت هەزار فەرمانبەری کۆیە دەبنە خاوەنی زەوی
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، ئامادەکاری دەکرێت بۆ دابەشکردنی زەوی لە شارۆچکەی کۆیە و زیاتر لە حەوت هەزار فەرمانبەر دەبنە خاوەنی زەوی.
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەریوان حاکم هادی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت، لە ئاییندەیەکی نزیکدا پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە سنووری شارۆچکەی کۆیە دەستپێدەکات.
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، حەوت هەزار و 500 فەرمانبەر لەو شارۆچکەیە سوودمەند دەبن لە وەرگرتنی زەوی و کارکردن بۆ ئامادەکردنی زەوی گونجاو و ناوی تەواوی فەرمانبەران بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا کارەکان تەواو نەکراون.
مەریوان حاکم هادی گوتیشی، هەوڵدەدرێت باشترین زەوی بە فەرمانبەران بدرێت، لە قەراخ دووسایدی رێگای هەولێر-کۆیە کە شوێنێکی زۆر گونجاوە.
دەربارەی قۆناخەکانی دابەشکردنی زەوی لەو شارۆچکەیە بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر ئاشکرای کرد، دابەشکردنی زەوی لە کۆیە بە دوو قۆناخ دەبێت.
ئەمە لەکاتێدایە رۆژی دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە سنووری شارەوانییەکانی هەولێر دابەشکردنی زەوی بۆ هەردوو شارەوانیی گوێر و سفەییە، بەڕێوەچوو، تێیدا 1700 فەرمانبەر بوونە خاوەنی زەوی.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.