کێپلەر: کەشتییەکی نەوتهەڵگری رووسی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای "کێپلەر" بۆ بەدواداچوونی جووڵەی دەریاوانی، کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە بارێکی دیزلی رووسی هەڵگرتووە بەرەو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەڕێوەیە، دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا رێککەوتنێکی لەم بوارەدا لەگەڵ ڤلادیمێر پووتینی هاوتا رووسییەکەی راگەیاند.
کەشتیی "ئەگیوی ڤانین دیس" کە ئاڵای ماڵتای هەڵگرتووە، رۆژی هەینی لە بەرامبەر کەناراوەکانی هێلسینکی بوو، و لە رێگەی ئاماژەی ئامێری سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS) نیویۆڕکی وەک وێستگەی گەیشتنی خۆی دیاری کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمپانیای "کێپلەر"، کەشتییەکە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل دیزلی لە وێستگەی نەوتی پریمۆرسکی رووسیا بارکردووە. کەشتییەکە لە شەوی 22 لەسەر 23ـی تشرینی یەکەم لە پریمۆرسکەوە دەستی بە گەشتەکەی کردووە، و چاوەڕوان دەکرێت لە دەوروبەری 7ـی تشرینی دووەم بگاتە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
رۆژی چوارشەممە، ئاژانسەکانی دەنگوباسی رووسیا لەسەر زاری ئەلێکساندەر نۆڤاک، جێگری سەرۆکوەزیرانی رووسیا بۆ کاروباری وزە بڵاویانکردەوە، یەکەم باری دیزلی رووسی کە بۆ ئەمریکا تەرخانکراوە رۆژی دواتر بەڕێدەکەوێت.
لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەمدا، ترەمپ رێککەوتنێکی لەنێوان واشنتن و مسکۆ بڵاوکردەوە بۆ دابینکردنی دیزلی رووسی بۆ بازاڕی ئەمریکی، و لەو چوارچێوەیەدا بەشێک لە سزاکانی سەر رووسیای هەڵگرت.
ئەم هەنگاوە وەک هەوڵێک بۆ دابەزاندنی نرخەکانی سووتەمەنی بۆ بەکارهێنەرانی ئەمریکی پێش هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە 3ـی تشرینی دووەم سەیرکرا، و رەخنەی توندی ئۆکرانیا و هاوپەیمانەکانی، و تەنانەت ناو پارتی کۆماریشی لێکەوتەوە کە ترەمپ خۆی سەربەو پارتەیە.