نەجاتی عەبدوڵڵا: مێژووی کورد وەک جوگرافیاکەی پەرتەوازەیە
نەجاتی عەبدوڵڵا، نووسەر، مێژوونووس و سەرۆکی پێشووی ئەکادیمیای کوردی، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 لە هەژدەیەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر، تیشکی خستە سەر دۆخی مێژوونووسیی کوردی، گرنگیی فەرهەنگ لە یەکخستنی نەتەوەی پەرتەوازە، پێویستیی بەپەلە بۆ دامەزراندنی «کتێبخانەی نیشتمانیی دیجیتاڵی»، شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ یاداشتی گەڕیدە بیانییەکان و چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە شۆڕشی ژیریی دەستکرد (AI).
ئەمڕۆ هەینی، 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، نەجاتی عەبدوڵڵا سەرەتا باسی لە گرنگیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب لە هەولێر کرد وەک دیاردەیەکی فەرهەنگی و پێویستییەکی ژیاری بۆ هەرێمی کوردستان، و ئاماژەی بەوە دا، کورد لە رووی فەرهەنگییەوە بەهۆی هۆکاری مێژووییەوە دواکەوتووە، بۆیە هەر هەنگاوێک بۆ برەودان بە فەرهەنگ گرنگیی تایبەتی هەیە.
گوتیشی:لە جیهانی دیجیتاڵیی ئەمڕۆدا، تەنیا شتێک بتوانێت هەموومان بەیەکەوە ببەستێتەوە فەرهەنگ و وشەیە، بە حوکمی ئەوەی ئێمە لە جوگرافیایەکی دابڕاودا دەژین و بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشکراوین، تاکە هۆکار بۆ دروستکردنەوەی پێناسە و شوناسێکی هاوبەش بۆ نەتەوە و نیشتمانەکەمان، تەنیا فەرهەنگ و کولتوورە تا رۆڵی یەکخەر بگێڕێت.
سەبارەت بەوەی تا چەند مێژووی 500 ساڵی رابردووی کورد لەلایەن خودی کوردەوە نووسراوەتەوە، نەجاتی عەبدوڵڵا روونیکردەوە مێژووی کوردیش هاوشێوەی جوگرافیا و نەتەوەکەی پەرتەوازە و پارچەپارچەیە ومێژووی ئێمە یان نەنووسراوەتەوە، یان زۆر بەکەمی نووسراوەتەوە، ئەو کەمەشی نووسراوەتەوە کەڵەکەبوونی مەعریفیی بەردەوامی لەسەر دروست نەبووە.
هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، نووسینەوە و چاپکردنی مێژووی کورد لە شێوەی کتێب‌دا، تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1925 (واتە نزیکەی سەدەیەک لەمەوبەر)؛ ئەگەر دەستنووسە کۆنەکانی وەک (شەرەفنامەی بەدلیسی) بەدەر بکەین، مێژوونووسیی هاوچەرخی کوردی مێژوویەکی زۆر کورت و نوێیە.
جەختیشی کردەوە لە نێوان ساڵانی 1925 تا 1991، مێژووی کورد مێژوویەکی پچڕپچڕ، سەرکوتکراو و قەدەخەکراو بووە، بەڵام سەردەمی زێڕینی مێژووی کورد لەگەڵ راپەڕینی ساڵی 1991 دەست پێدەکات، تێیدا بزووتنەوەی نووسین و چاپ و پەڕتووکخانەی کوردی پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینی.
لە وەڵامی ئەو سەرنجەی ئایا کتێبی کوردی لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی کتێب‌دا پشکی شایستەی پێ دراوە و خوێنەری پێویستی هەیە، نەجاتی عەبدوڵڵا رایگەیاند، رەوای هەق نییە بگوترێت کتێبی کوردی کەمە یان نییە، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە لە رۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە لە پاڵ باشوور ئامادەیییەکی بەرچاویان هەیە و باشترین کتێبەکانیان هێناوە، و پەڕتووکخانەی کوردی دەوڵەمەند بووە.
ئەو نووسەرە جەختی لەوە کردەوە، دونیای دیجیتاڵ بۆ کورد 10 هێندەی نەتەوەکانی دیکە گرنگە، چونکە لە فەزای مەجازی و دیجیتاڵیدا هیچ دەوڵەتێک ناتوانێت سنوور بۆ کورد دابنێت و رێگری لە پەیوەندیی نێوان کوردێکی مەریوان و کوردێکی هەولێر بکات و”ئێمە دەبوایە تا ئێستا کتێبخانەیەکی نیشتمانیی دیجیتاڵیمان لەسەر کلاود (ئاسمان) هەبووایە، کە هەموو بەرهەمی مەعریفی، سەرچاوە و دەستنووسەکانی کوردی لە هەموو شوێنێکی جیهان تێدا کۆبکرایەتەوە و رۆڵەکانی کورد لە هەر شوێنێک بن دەستیان پێی بگات. ئەنجامندانی ئەم پرۆژەیە تا ئێستا خەمساردی و کەلێنێکی زۆر گەورەیە و پێویستە دەستبەجێ کاری لەسەر بکرێت".
لە بارەی یاداشتی گەڕیدە بیانییەکان کە بەشێکی زۆری توێژینەوەکانی د. نەجاتی لەسەر ئەو بەڵگەنامانەیە، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گەڕیدە و رێبوارە بیانییانەی هاتوونەتە کوردستان (چ میسیۆنێر، دیپلۆمات، سیخوڕ یان سەرباز بووبن) مێژوونووس نەبوون، بەڵکو تێبینی و سەرنجی خۆیان تۆمار کردووە، کە لە راستیدا نوێنەرایەتیی "روانینی ئەوی دی" دەکات بۆ ئێمە و ئەو دەقانە پیرۆز یان ئایەتی قورئان نین، بەڵکو کەرەستەی خاوی مێژوویین؛ پێویستە وەربگێڕدرێنە سەر زمانی کوردی و لێکۆڵینەوەی رەخنەییان لەسەر بکرێت، تاوەکو مێژوونووسانی کورد بتوانن بە دیدێکی زانستی و لە روانگەی خۆمانەوە، مێژووی نەتەوەکەیان پێ دابڕێژنەوە.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا سەبارەت بە کاریگەریی ژیریی دەستکرد (AI) لەسەر زانست و گەشەپێدانی مرۆیی، د. نەجاتی عەبدوڵڵا گوتی، “ ئەگەر ئێمە ژیرانە مامەڵە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بکەین، هیچ جێگەی ترسی تێدا نییە، بەڵکو دەرفەتێکی زۆر گەورەی کارئاسانییە بۆ هەموو بوارەکان. بەڵام مەرجەکە ئەوەیە ئێمە نەبینە کۆیلەی ژیریی دەستکرد، بەڵکو ئێمە ئاراستەی بکەین بۆ خزمەتی زانست و دۆزی خۆمان”.
ئەو نووسەرە ژیریی دەستکردی بە «شەمەندەفەرێکی خێرا» چواند کە ناکرێت رابگیرێت و گەر لەگەڵیدا نەکەویت بەجێ دەمێنیت، هەروەها پێشنیازی کرد لە هەرێمی کوردستان زانکۆی تایبەتمەند یان پەیمانگەی تایبەت بە ژیریی دەستکرد دابمەزرێنرێت بۆ ئەوەی کورد بتوانێت هاوشانی پێشکەوتنەکانی سەردەم هەنگاو بنێت.
د.نه‌جاتی عه‌بدوڵڵا کێیە؟
له 1ـی تەممووزی 1966، له ئاواییه‌كی نزیك شاری هه‌ولێر له دایك بووه و خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی و دوا ناوه‌ندی هه‌ر له شاری هه‌ولێر ته‌واو كردووه و دوای ڕاپه‌رین ئاواره‌ی رووسیا (ئۆكرانیا) بووه و ماوه‌یه‌كی كه‌م له ئۆكرانیا (كێڤ) ماوه‌ته‌وه و پاشان دوای ئه‌وه‌ی بورسی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌رنسای بۆ ده‌رچووه بۆ خوێندن چووه‌ته فه‌ره‌نسا و ساڵی 1997 لیسانسی مێژوو له زانكۆی پواتێی Poitiers له فه‌ره‌نسا وه‌رده‌گرێ و لە ساڵی 1998 له پاریس مێتریز (به‌كالۆریۆس)ی له مێژوو له زانكۆی پاریسی ده‌یه‌م Paris-X وه‌رده‌گرێ و ساڵی 2006 دوكتۆرا له مێژووی هاوچه‌رخ له زانكۆی پاریسی ده‌یه‌م به (پله‌ی زۆر باشه) به‌ناوی (خێل، سنوور و ئیمپراتۆریا: كوردستان و كێشه‌ی سنووری نێوان توركیا و ئێران 1843-1932) وه‌رده‌گرێ.
هەروەها لە ساڵی 2005 سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (كوردناسی) بووه، كه له به‌رلین ته‌نها دوو ژماره‌ی لێ بڵاوكرایه‌وه و سکرتێری ئەکادیمیای کوردی بووە و خاوەنی زیاتر لە 90 بەرهەمی نووسینە بە کوردی و فەرەنسی و ئەمانەش بەشێک لە بەرهەمەکانی ئەو نووسەرەیە:
1- كورته باسێكی قۆناغه‌كانی گۆڕانی كۆمه‌ڵ، ل. سیگال، وه‌رگێڕان له عه‌ره‌بییه‌وه، رێكخراوی تێكۆشانی ره‌نجده‌رانی كوردستان، هه‌ولێر، 1993.
2- كوردستان و كێشه‌ی سنووری توركی-فارسی، ده‌زگای موكریانی، هه‌ولێر، 2001.
3- راپه‌ڕینى كورده عه‌له‌ویه‌كانى دێرسیم، هانز-لۆكاس كییسێر، وه‌رگێڕان له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، چاپی دووه‌م، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2006. (چاپی یه‌كه‌م، به‌رلین، ئه‌ڵمانیا، 2002).
4- مێشه‌كان، ژان پۆل سارته‌ر، وه‌رگێڕان له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، چاپی یه‌كه‌م، ده‌زگای ئاراس، 2003، (چاپی دووه‌م، خانه‌ی وه‌رگێڕان، سلێمانی، 2010).
5- كوردستان له به‌ڵگه‌نامه‌كانی كونسڵی فرانسا له به‌غدا ساڵی 1919، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2004.
6- بازیل نیكیتین و كوردناسی، به‌رگی یه‌كه‌م، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2004.
7- شۆڕشی شێخ عوبه‌یدوڵڵای نه‌هری له به‌ڵگه‌نامه‌كانی فره‌نسی دا، مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری، سلێمانی، 2004.
8- رۆژژمێرهكانى كۆچىو زایینى، گ. گرێنڤیل، گ. س. پ. فریمان، له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2004.
9- هێرشی عوسمانی و كورده‌كانی ئێران، گیلان، وه‌رگێران له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری، سلێمانی، 2005.
10- چه‌ند لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كى زمانه‌وانى ده‌رباره‌ى زمانى كوردى (دیالێكتى سلێمانى)، ئه‌لیكسانده‌ر خۆدزكۆ، وه‌رگێڕان له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2006.
11- كتێبى ئێزیدییه‌كان (جیلوه و مه‌سحه‌فاڕه‌ش) و بیبلیۆگرافیاى ئێزیدیاتى، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2006.
12- شێخ مه‌حموودى حه‌فیدزاده له به‌ڵگه‌نامه‌ى فرانسیدا، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2006.
13- بنچینه‌كانی كورد و چه‌ند وتارێكی كوردناسی، مینۆرسكی، وه‌رگێران له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، مه‌كته‌بی بیر‌و هۆشیاری، سلێمانی، 2007.
14- مێژووی پێوه‌ندییه‌كانی رووسیا و كورد، خالید چهتۆیڤ، بنكه‌ی ژین، 2007.
15- چه‌ند سه‌رنجێك ده‌رباره‌ى هۆزه كورده‌كانى كوردستانى باشوور، ئى. بى. سۆن، وه‌رگێڕانى له‌ئینگلیزییه‌وه، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2007.
16- چه‌ند باسێك ده‌رباره‌ی ئه‌هلی حه‌ق، وه‌رگێڕان له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، ده‌زگای موكریانی، 2007.
17- نانی رووت، به‌شی یه‌كه‌م، محه‌مه‌د شوكری، وه‌رگێڕان له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، ره‌نج، 2007، (چاپی دووه‌م، سلێمانی، یانه‌ی قه‌ڵه‌م، 2013). (چاپی سێیه‌م، هه‌ولێر، ماڵی وه‌فایی، 2016).
18- قه‌تڵوعامى كورد له توركیا، له‌فڕانسییه‌وه وه‌رگێڕانى، پێشه‌كى و په‌راوێزنووسیی، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2007.
19- كۆمه‌ڵه و رێكخراوه كوردییه‌كان 1918-1933 له به‌ڵگه‌نامه‌كانى هه‌ردوو وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى بریتانیا‌و فڕانسادا، له‌فڕانسییه‌وه وه‌رگێڕانى، پێشه‌كى و په‌راوێز بۆ نووسین، به پێشه‌كیى دكتۆر كه‌مال مه‌زهه‌ر، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2008.
20- گهشتنامهى مسیۆنێرێك بۆ ناوچه‌كانى سلێمانى و كه‌ركووك ساڵى 1878، ژاك رێتۆرێ، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2008.
21- تێكستی كوردی، ئه‌لبێرت فۆن لكۆك، ده‌زگای ئاراس، 2008.
22- مهم و زین، بڵاوكردنه‌وه و پێشه‌كی، ده‌زگای ئاراس، 2008.
23- نامه دیپلۆماتییه‌كانى شه‌ریف پاشاى خه‌ندان له ئهرشیڤخانهكانى بریتانیا و فڕه‌نسا، له فه‌ڕه‌نسییه‌وه وه‌رگێڕانى، تێبینى‌و پهراوێزنووسیى، بنكه‌ی ژین، سلێمانی، 2008.
24- سه‌رده‌می ته‌نزیمات، پۆل دۆمۆن، ده‌زگای ئاراس، وه‌رگێران له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، 2008.
25- مێژووی توركیای هاوچه‌رخ، حه‌مید بۆزئه‌رسلان، وه‌رگێران له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، چاپی دووه‌م ده‌زگای ئاراس، 2012. (چاپی یەکەم، ده‌زگای ئاراس، 2009).
26- بیبلیۆگرافیای كوردناسی، كورد و كوردستان له سه‌رچاوه فرهنسییهكاندا، ئه‌كادیمیای كوردی، هه‌ولێر، 2009.
27- بیبلیۆگرافیای كوردناسی، كورد و كوردستان له سه‌رچاوه ئینگلیزییه‌كاندا، ئه‌كادیمیای كوردی، هه‌ولێر، 2009.
28- گه‌شتنامه‌ی پوژولا بۆ كوردستان ساڵی 1837، وه‌رگێران له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، ئه‌كادیمیای كوردی، هه‌ولێر، 2009.
29- رێزمانی كوردی، پۆل بێ‌دار، وه‌رگێران له فه‌ڕه‌نسییه‌وه، ئه‌كادیمیای كوردی، هه‌ولێر، 2009.
30- زاراوه‌كانی كۆنفراس به زمانه‌كانی ئینگلیزی، فرانسی و كوردی، مه‌كته‌بی بیر و هۆشیاری، سلێمانی، 2009.
بە فەرەنسی:
1- La Naissance dune conscience nationale kurde (De 1880 à 1930). Mémoire de maîtrise, (sous la dir. De Monsieur le Professeur Francis Démier), Nanterre. Université de Paris X-Nanterre, 1999, (145 p).
2- Nation et frontière : le Kurdistan entre lEmpire Ottoman et lEmpire Perse dans la première moitié du XIX siècle, [Mémoire de D.E.A.], Paris : Université Paris X – Nanterre, 2000, (XVI-117 p).
3- Empire, frontière et tribu: le Kurdistan et le conflit de frontière turco-persan (1843-1932). Thèse de doctorat sous la direction de Francis Démier, Université de Paris X-Nanterre, 2006, (651 p).
4- İmparatorluk SınırveAşiret :Kürdistanve 1843-1932 Türk-Fars SınırÇatışması, AvestaYayınları, Istanbul, 2010.
5- Empire, frontière et tribu: le Kurdistan et le conflit de frontière turco-persan (1843-1932), Ed, Ministère de culture et Binkey Jin, Erbil, Kurdistan, 2013.