بەغدا و پاریس هۆشداری لە تێکچوونی ئاسایشی گەرووی هورمز دەدەن
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و ئالێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا، پرسی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و کاریگەریی گرژییەکانیان لەسەر ئابووری و بازاڕەکانی وزە تاوتوێ کرد.
هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاویکردەوە، ئاشکرایکرد، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، پێشوازی لە ئالێکساندەر گارسیا، باڵیۆزی فەرەنسا لە بەغدا کرد و پرسی ئاسایشی دەریاوانیی و پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ کران.
لە دیدارەکەدا، فوئاد حوسێن جەختیکردەوە لە گرنگی پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان هەردوو وڵات و گرنگیی پەرەپێدانی هاوکاریی سیاسی و ئابووری و وەبەرهێنانیکردەوە. هاوکات هەردوو لا پێشهاتەکانی دۆخی ناوخۆی فەرەنسا، لەوانەش خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییە و هۆکارەکانیان و وادەی هەڵبژاردنەکانیان تاوتوێ کرد.
لەلایەکی دیکەوە، چالاکیی کۆمپانیا فەرەنسییەکان لە عێراق و رێگەکانی فراوانکردنی وەبەرهێنان و ئاسانکاریکردن بۆ کارەکانیان تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، هەردوو لا پێشهاتەکانی دۆخی هەرێمی، بەتایبەت ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و کاریگەریی گرژییەکان لەسەر ئابووری و بازاڕەکانی وزەیان تاوتوێ کرد، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی هێورکردنەوەی دۆخەکە و پشتبەستن بە چارەسەرە دیپلۆماسییەکان.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەردوو لا ئەنجامەکانی خولی 52ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەرەوەی رێکخراوی هاوکاریی ئیسلامییان تاوتوێ کرد، کە 17 و 18ـی تشرینی یەکەمی 2026 لە بەغدا بەڕێوەچوون و عێراق سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکەی گرتە ئەستۆ. هەروەها هەردوو دیپلۆماتکارەکە جەختیان لە گرنگیی بەردەوامیی راوێژ و هەماهەنگی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و پاڵپشتیی سەقامگیریی هەرێمی کردەوە.