جەنگی ئێران ژینگەی وشکانی و دەریایی ژەهراوی کردووە
کاریگەرییە نەرێنییەکانی جەنگی ئێران تەنیا سنووردار نییە بە مەیدانەکانی جەنگەوە، بەڵکو پەلامارە سەربازییەکان شەپۆلی پیسبوونیان بەدوای خۆیاندا هێناوە هەڕەشە لە وشکانی، دەریا و ئاسمانی ناوچەکە دەکەن و نیگەرانییەکانی سەبارەت بە کارەساتێکی ژینگەیی مەترسیدار و درێژخایەن زیاتر کردووە.
هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی سی ئێن ئێن، هێرشە بەردەوام و یەک لە دوای یەکەکانی نێوان وڵاتانی شەڕکار بوونەتە هۆی پێکانی دامەزراوە نەوتییەکان و کەوتنەوەی ئاگرێکی گەورە، کە بووە هۆی بڵاوبوونەوەی دووکەڵی رەش، ماددە کیمیاییە زیانبەخشەکان و کانزا قورسەکان لە بەرگەهەوادا.
لە تاران، هەورە دووکەڵی چڕ رووبەرێکی فراوانی گرتەوە، هاوکات بارانبارینی ژەهراوی تێکەڵ بە نەوت نیگەرانیی لێکەوتووەتەوە لەوەی ملیۆنان کەس رووبەڕووی پاشماوە پیسبووەکان ببنەوە دەکرێت کاریگەری تەندروستییان بۆ چەندین ساڵ بەردەوام بێت.
مەترسییەکان تەنیا لە پیسبوونی هەوا و خاکدا ناخایەنن، بەڵکو بۆ سەر کەنداوی عەرەبییش درێژ بوونەتەوە. هێرشکردنە سەر کەشتییە نەوتکشەکان و دامەزراوە دەریاییەکان، هەڕەشە لە یەکێک لە هەستیارترین سیستمە ژینگەییەکانی جیهان دەکات، تازەترینیان حاڵەتی دزەپێکردنی نەوت بوو لە ئوم قوێین لە ئیمارات.

ئاسمانی تاران لە کاتی بۆردومانی شارەکە لە لایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل

پاشماوەی نەوت دوای بە ئامانجگرتنی یەکێک لە کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمز
پاشماوەی نەوت لە ئاوی کەنداودا
وێنەکانی مانگە دەستکردەکان دەرخەری ئەوەن پەڵەی رەشی نەوت لە ئاوی کەنداودا بڵاوبوونەتەوە، و زانایان لە مانگی ئاداری 2026ـدا زیادیکردنی بەرچاوی پیسبوونی رووی ئاویان تۆمار کردووە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو.
برایان بارنز، زانای زەریاناسی رایگەیاند، بڕی نەوتی چاودێریکراو لەسەر رووی ئاوی کەنداوی عەرەبی گەیشتووەتە نزیکەی دوو ئەوەندەی ئەو ئاستەی لە کاتی نەبوونی ململانێیەکی گەورەدا چاوەڕوان دەکرا، ئەمەش قەبارەی قەیرانە ژینگەیییەکە دەردەخات.
ئەم دیمەنانە رایانگەیاند، کاریگەری هێرشەکان تەنیا سنووردار نییە بە شوێنی ئامانجەکانەوە، چونکە ماددە پیسبووەکان دەتوانن بۆ مەودای دوور بگوازرێنەوە و بگەنە ناوچە کەناراوییە ژینگەیییە دوورەکان لە شوێنی هێرشەکان.
ژیانی دەریایی رووبەڕووی مەترسی پەرەسەندوو دەبێتەوە، بەتایبەت کەنداوەکە جۆرەها کیسەڵ و ماسی لە خۆ دەگرێت، بێجگە لە بوونی کۆمەڵە گرنگی مانگا دەریاییەکان و قرشە گەورەکان مەترسی لەسەریان هەیە بەهۆی پیسبوونی ژینگەکەیانەوە.

وێنەی مانگە دەستکردەکان لە ئاسمانەوە، دەردەکەوێت نەوتێکی زۆر رووی ئاوی دەریا و زەریاکانی داپۆشیوە
کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر وەرزی زاوزێی زیندەوەرە دەریاییەکان
مەترسی دۆخەکە زیاتر دەبێت کاتێک جەنگەکە دەبێتە هاوکات لەگەڵ وەرزی زاوزێی بەهارەی زۆرێک لە زیندەوەرە دەریاییەکان، لە کاتێکدا گژوگیا دەریاییەکان، مۆڵگە مرجانییەکان و دارستانەکانی مانگڕۆ ناوچەی گرنگ دابین دەکەن بۆ خۆراکدان و زاوزێ.
زانایان هۆشداری دەدەن لەوەی گەڕانەوەی ئەم سیستمانە بۆ دۆخی ئاسایی خۆیان مسۆگەر نییە،هەروەها پاشەکشەی فرەجۆریی بایۆلۆجی و لەدەستدانی هاوسەنگی سروشتی بەدوای خۆیدا دەهێنێت گەڕاندنەوەیان کارێکی سەختە.
سروشتی جوگرافی کەنداوەکە قەیرانەکە زیاتر قورس دەکات، ئاوەکانی تا رادەیەک تەنکن، رووبەرەکەی سنووردارە و تەنیا لە رێگەی گەروی هورمزەوە دەبەسترێتەوە بە دەریای کراوەوە، ئەمەش توانا سنووردار دەکات لە بڵاوبوونەوەی خێرای ماددە پیسبووەکان.
شارەزایان جەخت لەوەش دەکەنەوە، نەوتی دزەپێکراو دەکرێت بە شێوەیەکی پلەبەندی لە نێوان کەناراوەکانی ناوچەکەدا بەهۆی جووڵەی ئاوەوە بگوازرێتەوە، بۆ ئەوەی دوای چەند مانگێک یان ساڵێک کاریگەرییەکانی لەو وڵاتانەدا دەرکەون راستەوخۆ لایەن نەبوون لە هێرشەکاندا.


گیانلەدەستدانی ئاژەڵ و باڵندەکان بە هۆی پیسبوونی ژینگە بە پاشماوەکانی نەوت و جەنگ
جەنگی کەنداو وەک نموونە
جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991ـدا نموونەیەکی هۆشداریدەر پێشکەش دەکات، دوای ئەوەی سووتانی سەدان بیرە نەوتی کوەیتی کارەساتێکی گەورەی ژینگەیی لێکەوتەوە، و تا ئێستاش شوێنەوارەکانی پیسبوونی نەوتی لە هەندێک ناوچەی کەناراویدا بەدی دەکرێن.
مەترسییەکە تەنیا لەسەر زیندەوەرە دەریاییەکان و کەناراوەکان نییە، بەڵکو وڵاتانی کەنداو پشت بە شیرینکردنی ئاوی دەریا دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستی دانیشتووان، ئەمەش پیسبوونی ئاو دەکاتە هەڕەشەیەکی ئەگەری لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە.
گەیشتنی ماددە نەوتییە پیسبووەکان بۆ وێستگەکانی پاککەرەوەی ئاو یان سەرچاوەکانی دەکرێت پرۆسەی چارەسەرکردن ئاڵۆز بکات، تێچووەکەی بەرز بکاتەوە و فشارەکان لەسەر ئەو وڵاتانە زیاتر بکات کە پشت بەو سەرچاوەیە دەبەستن بە رێژەیەکی گەورە.
لە هەمان کاتدا، جەنگەکە هەڕەشە لە گرنگی کەنداو دەکات وەک تاقیگەیەکی سروشتی بۆ تێگەیشتن لە داهاتووی دەریاکان لە ژێر کاریگەری گەرمبوونی جیهانیدا، چونکە زیانە ژینگەیییەکان دەکرێت ئەو سیستمانە لاواز بکەن خۆیان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیدا گونجاندووە.


وێنە: کاتی جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991، سوتانی بیرە نەوتەکان و پاشماوەی جەنگ