محەمەد موخبیر: هەڕەشەکانی ترەمپ و ناتانیاهۆ نیشانەی بێدەسەڵاتییانە

 راوێژکار و یاریدەدەری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران رایگەیاند، جەنگی دەروونی و هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، نیشانەی بێدەسەڵاتی و پەرێشانییە.

هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، محەمەد موخبیر، راوێژکار و یاریدەدەری موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئێران خاڵە لاوازەکانی دوژمن دەناسێت و شارەزایە لە دروستکردنی شۆکی مەیدانی، هەروەها دەتوانێت بە بەکارهێنانی رێگریکردن لە گواستنەوەی نەوت و وزە کارتی فشاری خۆی بەکارنهێنێت، و هاوکێشەکان لە دوژمن تێکبدات.

محەمەد موخبیر، لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختیکردەوە، لەم ناوچەیەدا نەتەوەیەک بوونی هەیە کە هەزاران ساڵە لەوێ دەژی، لە بەرامبەردا ئیسرائیل وڵاتێکی لە مێژینە و کاریگەری ناوچەکە نییە، بۆیە دەبێت تەنیا بیر لە نەمانی خۆی بکاتەوە.

ئەم قسانەی محەمەد موخبیر، دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا گوتی: "ئێمە بە شێوەیەکی تەواوەتی کۆنترۆڵی گەرووی هورمزمان کردووە، هاوکات بڕێکی زۆر لە نەوت لە رێگەی گەرووەکەوە دەگوازینەوە."

هاوکات ئاماژەی بە دۆخی ناوخۆیی ئێران کرد و ئاشکرایکرد، ئێران بەدەست هەڵاوسانێکی گەورەوە دەناڵێنێت و رووی لە داڕمانە، ئێمەش دەتوانین زۆر بە خێرایی کۆتایی بەو شەڕ و ململانێیە بهێنین کە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا هەیە.

سەبارەت بە بژاردەکانی بەردەم واشنتن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران، ترەمپ روونیکردەوە: پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، ئایا دەمانەوێت بابەتەکە یەکلا بکەینەوە، یان وازی لێ بهێنین تا خۆی بەرەو کاڵبوونەوە و نەمان بچێت؟

جەختیشی کردەوە، "توانای ئەوەمان هەیە دەست بەسەر تەواوی نەوتی ئێراندا بگرین و بە تەواوەتی کۆنترۆڵی وڵاتەکە بکەین." 

هەروەها گوتیشی: ئێران لە دۆخی ئیفلیجیی تەواودا دەهێڵینەوە، هەروەک چۆن ئێستا لەو دۆخەدایە، چونکە ئێمە کارێکی زۆر باشمان لەوێ کردووە.

سەرەڕای ئەو هەڕەشانە، ترەمپ باسی بوونی کەناڵی دیپلۆماسی کرد و ئاشکرایکرد، گفتوگۆ و دانوستانی بونیاتنەر لەگەڵ ئێران بەڕێوەدەبەن، هاوکات دووپاتیکردەوە،، پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس هیچ هێرشێک ناکەنە سەر ئەو وڵاتە.