ناتانیاهۆ: هاوکارییە ئەمریکییەکان بۆ ئیسرائیل بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام نابن
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل ناتوانێت بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت لە وەرگرتنی دەیەها ملیار دۆلار لە هاوکاریی ئەمریکی تەرخانکراو بۆ بودجەی ئەمنی، و پێیوایە ویلایەتە یەکگرتووەکان گۆڕاوە و کۆتاییهاتنی ئەم پشتگیرییە لەوانەیە نزیک بێت.
هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا لەگەڵ (رۆی کاتس) لە کەناڵی دەیەمی ئابووریی ئیسرائیلی رایگەیاند، وڵاتەکەی پێویستی بە خۆئامادەکردن هەیە بۆ قۆناخێکی نوێ لە پەیوەندییە ئابوورییەکانیدا لەگەڵ ئەمریکا، رایگەیاند، پێشتر سەرکەوتوو بووە لە بەدەستهێنانی هاوکاریی گەورەی ئەمریکا، بەڵام بەردەوامبوونیان بە هەمان ئاست چیتر مسۆگەر نییە.
خۆئامادەکردن بۆ سزای بانکی
لە چوارچێوەی باسی ئاڵنگارییەکانی داهاتوودا، ناتانیاهۆ هۆشداری دا لە ئەگەری سەپاندنی سزا بەسەر ئیسرائیلدا، لەوانەش سزای بانکی، و جەختی لەسەر پێویستیی خۆئامادەکردن بۆ ئەم سیناریۆیە کردەوە لە رێگەی بونیاتنانی ئابوورییەک کە توانای تێپەڕاندنی کۆتوبەندە داراییەکانی هەبێت.
هەروەها ناتانیاهۆ ئەوەشی خستەڕوو، کار بۆ ئامادەکردنی جێگرەوەکان دەکات کە رێگە بە ئیسرائیل دەدەن مامەڵە لەگەڵ ئەو بارودۆخانەدا بکات ئەگەر سزایان بەسەردا بسەپێندرێت، ئاماژەی بەوەش کرد، دەکرێت سوود لە دراو و تەکنەلۆژیای دارایی وەربگیرێت رێگە بە تێپەڕاندنی کۆتوبەندەکان دەدەن، لەوانەش تەکنەلۆژیای بلۆک چین.
گەڕان بەدوای جێگرەوە بۆ پشتگیریی دەرەکی
لێدوانەکانی ناتانیاهۆ سەبارەت بە هاوکارییە ئەمریکییەکان و سزا ئەگەرییەکان، لە چوارچێوەی گوتارێکی فراوانتردایە دەربارەی داهاتووی ئاسایش و ئابووریی ئیسرائیل، چونکە لە لێدوانەکانی پێشوودا بەرگری لە تەرخانکردنی نزیکەی 450 ملیار شیکڵ کردبوو بۆ بەهێزکردنی تواناکانی بەرگری و پیشەسازیی سەربازی لە ماوەی ساڵانی داهاتوودا، بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دەرەوە لە دابینکردنی چەکدا، بەگوێرەی رۆژنامەی.
هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هۆشداری دا لە ئەگەری هاتنی سەرۆکێکی ئەمریکی لە داهاتوودا دوژمنکارتر بێت بەرانبەر بە ئیسرائیل، و جەختی لەسەر پێویستیی هەمەجۆرکردنی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان کردەوە، لە ئاراستەیەکدا کە رەنگدانەوەی هەوڵەکانی حکوومەتەکەیە بۆ خۆئامادەکردن بۆ ئەگەری پاشەکشەکردنی پشتگیریی ئەمریکی، لەگەڵ زیادکردنی پشتبەستن بە تواناکانی سەربازیی ناوخۆیی.