زەیدی: دەبێت چەک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ریگەیاند، تاوەکوو 30ـی حوزەیرانی داهاتوو گرووپە چەکدارەکان، چەکەکانیان رادەستی دەوڵەت دەکەن، گوتیشی، لەو پرۆسەیەدا حکوومەت سەرکەوتنی باشی بە دەستهێناوە، هاوکات جەختی کردەوە، عێراق لەو جەنگ و ئالۆزییانەی لە ناوچەکدا هەیە، بەشداری ناکات بەڵکو دەبێتە پردێک بۆ تێپەڕاندنی ئاڵۆزییەکان. 

هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکوومەتەکەی سەرکەوتوو بووە لە دوورخستنەوەی عێراق لە گۆشەگیربوونێکی نێودەوڵەتی کە تەنیا چەند رۆژێکی کەم لە بەردەمیدا بوو، رایگەیاند، وڵاتەکە هەڕەشەی گەمارۆ و جێهێشتنی باڵیۆزخانەکانی لەسەر بوو، بەڵام توانرا مەترسییەکان تێپەڕێنرێن.

سەبارەت بە پرسی چەک، سەرۆکوەزیران رایگەیاند، دۆسیەی چەکیان لەگەڵ سێ گرووپدا  تەواو کردووە و لە گفتوگۆدان بۆ یەکلاکردنەوەی لەگەڵ چوار گرووپی دیکە بۆ داماڵینی چەکەکەیان.

 جەختیشی کردەوە،  لە  30ـی حوزەیرانی داهاتوو هیچ چەکێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەتدا نامێنێت و کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە بڕیارێکی کۆتاییە و گەڕانەوەی بۆ نییە. هەروەها گوتی: "عێراق دەوڵەتێکە گرووپی هەیە، نەک گرووپەکان خاوەنی دەوڵەت بن." و رایگەیاند،، لە ئاییندەیەکی نزیکدا عێراق لە گرووپە چەکدارەکان پاک دەبێتەوە و چەک تەنیا لە دەست هێزە ئەمنییەکاندا دەبێت، جەختیشی کردەوە، کۆتاییهاتنی بوونی هێزە بیانییەکان مانای کۆتاییهاتنی ئەو پاساوانەیە کە بۆ هەڵگرتنی چەک دەهێندرانەوە.

دۆسیەی سەربازی و بوونی هێزە بیانییەکان

سەبارەت بە بوونی هێزە بیانییەکان، زەیدی دووپاتیکردەوە، هیچ سەربازێکی ئەمریکی و بیانیی لە عێراقدا نەماوە، تەنانەت بە ناوی راوێژکاریشەوە. هەروەها باسی لە تێگەیشتن و رێککەوتن کرد بۆ کشانەوەی هێزەکانی تورکیا و رادەستکردنی بنکەی سەربازیی باشیک بە سوپای عێراق، و لەسەر ئاستی ناوخۆشدا باسی لە رێککەوتن لەگەڵ هێزەکانی یەبەشە کرد بۆ رادەستکردنی چیای شنگال و تێکەڵبوونی ئەندامەکانیان بە حەشدی شەعبی.

پەیوەندییە دەرەکییەکان و قەیرانی ناوچەکە

لەبارەی دۆخی ناوچەکەوە، سەرۆکوەزیران رایگەیاند، قەیرانی ناوچەکە دەبێت بە رێککەوتن کۆتایی پێ بێت، و جەختیکردەوە،  عێراق بە هیچ شێوازێک بەشداری لە هیچ جەنگێکدا ناکات و وەک خاڵێکی یەکتربینین لە نێوان لایەنەکاندا دەمێنێتەوە.

سەبارەت بە دراوسێکان، رایگەیاند، داخستنی سنوورەکانی عێراق و ئێران نە لە بەرژەوەندیی عێراقدایە و نە لە بەرژەوەندیی ئێراندا، چونکە ئەمە مانای ئەوەیە لە رووی ئابوورییەوە خۆمان گەمارۆ بدەین. هەروەها رایگەیاند کە سیاسەتیان ئەوەیە عێراق پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو هەبێت.

لە باسی سەردانەکەش بۆ سعودیە  رایگەیاند، سەردانەکە پێشوەختە دیاریکرابوو و پەیامێکی ئەرێنی بوو بۆ سعوودیە، و لەگەڵ شازادەی جێنشیندا باسیان لە ئاسایشی ناوچەکە و داهاتووی پەیوەندییەکان کردووە، جەختیشی کردەوە کە کار بۆ بونیاتنانی پەیوەندییەکی تایبەت لەگەڵ سعوودیە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی کەنداو دەکەن.

بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

زەیدی باسی لە دۆسیەی گەندەڵی کرد و رایگەیاند: "ئەگەر کۆتاییشمان بە گەندەڵی نەهێنابێت، ئەوا لە ماوەی پێنج مانگدا سەرکەوتوو بووین لە لاوازکردنیدا." رایشیگەیاند، گەندەڵی بووە بە سیستەم و کولتوورێک بۆ هەندێک کەس، بۆیە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵ و گەندەڵکاران بناغەی بونیاتنانی دەوڵەتە، هەروەها رایگەیاند  رووبەڕووی فشار بووەتەوە بەڵام جەنگی دژی گەندەڵی بەردەوامە و هێشتا چەندین هەڵمەتی دیکەیان لە پێشە بۆ کۆتایی هێنان بەو پرسە.

کەرتی نەوت و چارەسەرکردنی گەندەڵی

لەبارەی کەرتی نەوتەوە، سەرۆکوەزیران رایگەیاند، پێشتر ملیۆنێک بەرمیل نەوت بە نرخێکی زۆر کەم، واتە تەنیا 5 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک، بە وەزارەتی نەوت دەفرۆشرا و ئەم بابەتەش دەرگای بۆ گەندەڵی دەکردەوە. بەڵام لە رێگەی پێداچوونەوە و دیسانەوە نرخاندنی ئەو نەوتەی بۆ ناوخۆ دابین دەکرێت، توانیان ساڵانە نزیکەی 20  تریلیۆن دینار بۆ خەزێنەی گشتی بگەڕێننەوە، پێشبینیش دەکرێت لە ماوەی چوار ساڵدا ئەم گۆڕانکارییە نزیکەی 80  تریلیۆن دینار داهات بۆ وڵات دابین بکات. هەروەها رایگەیاند، ژمارەیەک لەو کەسانەی لە گەندەڵیی گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوتدا تێوەگلاون، رەوانەی زیندان کراون و گرێبەستەکانیش خراونەتە ژێر وردبینییەوە.

سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتیش گوتی،  هەناردەکردنی نەوت بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە لە نێوان وەستان و هەناردەکردندا دەجووڵێت، لە ئێستادا کار لەسەر دروستکردنی تۆڕێکی بۆڕی دەکرێت بۆ هەناردەکردنی نەوت تاوەکو عێراق نەبێتە دیلی گەرووی هورمز. هەروەها گوتیشی،  هەوڵ دەدەن رێڕەوی جیهان دووبارە کارا بکەنەوە و دەرچەکانی هەناردەکردنی نەوت هەمەجۆر بکەن، چونکە قەیرانی گەرووی هورمز عێراقی لە سوودوەرگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بێبەش کرد.

لە لایەکی دیکەوە، پلانی هەیە بۆ ئەوەی تا ساڵی 2032  بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق بگەیەنێتە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا.

پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و داهاتە نا نەوتییەکان

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، بانگهێشتێکی چاوەڕوانکراو بۆ رەجەب تەیب ئەردۆگان دەکرێت بۆ دانانی بەردی بنچینەی رێگەی گەشەپێدان دوای پەسەندکردنی بودجە. گوتیشی،  رێگەی گەشەپێدان دەبێتە رووباری سێیەمی عێراق و راستەوخۆ دوای پەسەندکردنی بودجە دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت.

هەروەها ئامانج لەبەردەم حکومەتدا ئەوەیە کە داهاتە نا نەوتییەکان بۆ 30%  بەرز بکەنەوە لە ماوەی تەمەنی کابینەکەدا، لە کاتێکدا داهاتە نا نەوتییەکان لە 6  بۆ 8  %ـەوە بۆ نزیکەی 19 لەسەد بەرز بوونەتەوە. رایگەیاند،  ساڵی داهاتوو دەبێتە ساڵی چاکسازیی ئابووری و هاووڵاتی ئەنجامەکانی دەبینێت.

ئاسانکاری بۆ هاووڵاتییان و باج

سەرۆکوەزیران رایگەیاند، حکومەت دەستبەرداری بەشێک لە داهاتەکانی باج و رسوومات بووە بۆ ئەوەی کەرەستە و کاڵا سەرەکییەکان بە نرخی هەرزانتر بێنە ناو وڵاتەوە. بڕیارەکانی لێخۆشبوونیش میوە، سەوزە، زۆربەی خۆراک و دەرمانەکانی گرتووەتەوە، هەروەها ئامێر و سیستمەکانی وزەی خۆریشی بێبەش کردووە لە باج، چونکە حکومەت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتی کاردەکات و دەیەوێت باری قورسی ئابووری لەسەر شانیان سووک بکات.

کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کارکردنی مەیدانی

سەرۆکوەزیران باسی لەوە کرد،  چوار جێگرەکەی هیچ مووچەیەک وەرناگرن هیچ کارمەندێکی نوێشیان بۆ نەدەمەزراوە، داوای لێکردوون کە کارمەند و گەشتی مەیدانی بکەن و سەردانی پارێزگا و وەزارەت و فەرمانگەکان بکەن بۆ زانینی پێداویستییەکانی خەڵک. هەروەها رایگەیاند، کاری 72  راوێژکاریان کۆتایی پێ هێناوە و چوار پۆستی جێگری سەرۆکوەزیرانیان بێ تێچووی زیادە دابمەزراندووە، سێ وەزارەتە نوێیەکەش هیچ باری دارایی زێدەیان نەخستووەتە سەر بودجە.