پزیشکیان هەفتەی داهاتوو سەردانی رووسیا دەکات و لەگەڵ پووتین کۆدەبێتەوە

 عەباس عێراقچی رایگەیاند، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، هەفتەی داهاتوو سەردانی رووسیا دەکات بە مەبەستی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ هاوتا رووسییەکەی، ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی لەبارەی دۆسیە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا دەکرێت.

هەینی 23ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران سەردانی رووسیا دەکات و لەگەڵ ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا کۆدەبێتەوە، پێشتریش لە 19ـی تشرینی یەکەمدا، پزیشکیان لەگەڵ سیرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە تاران کۆبۆوە و تاوتوێی رێگاکانی خێراکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنە ئیمزاکراوەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد، بەتایبەت لە بوارەکانی وزە، گواستنەوە و بازرگانی.

لە میانی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆککۆماری ئێران جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگیی سیاسی و دیپلۆماسیی نێوان تاران و موسکۆ کردەوە. هەروەها هیوای خواست کە سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی بۆ رووسیا ببێتە هۆی گۆڕینی رێککەوتنە ئیمزاکراوەکان بۆ هەنگاوی کرداری و ئەرنجامی بەرجەستە.

لە لایەکی دیکەوە، عێراقچی دوای گفتوگۆکانی لەگەڵ لاڤرۆڤ رایگەیاند، هەردوو وڵات باسیان لە کێشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردووە، لەوانەش پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، جگه لە بەرفراوانکردنی هاوکارییە ئابووری و ئەتۆمییەکان.

سەردانی سەرۆکی ئێران لە کاتێکدایە، تاران و موسکۆ هەوڵ دەدەن هاوبەشییە سیاسی و ئابوورییەکەیان بەهێزتر بکەن لە ژێر رۆشنایی گوشارە رۆژئاواییەکان و گرژییە هەرێمییەکاندا.

لەم چوارچێوەیەدا، هەردوو سەرۆک لە مانگی کانوونی دووەمی 2025 لە موسکۆ پەیماننامەیەکی هاوبەشیی ستراتیژیی گشتگیریان بۆ ماوەی 20 ساڵ ئیمزا کرد، کە بوارەکانی بەرگری، ئاسایش، وزە، بازرگانی و گواستنەوە، لەگەڵ هەماهەنگی لە هەڵوێستە نێودەوڵەتییەکان لەخۆدەگرێت. ئەم پەیماننامەیە لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵدا چووە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام پەیماننامەکە پابەندبوونی بەرگریی سەربازیی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵاتدا لەخۆناگرێت.

چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی داهاتووی نێوان پزیشکیان و پووتین دەرفەتێک بێت بۆ بەدواداچوونی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان و بەرفراوانکردنی هاوکارییە ئابوورییەکان. بەڵام ئاستی ئەنجامە کردارییەکان بەستراوەتەوە بە توانای هەردوو لایەن لە بڕینی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی پڕۆژە هاوبەشەکان دەبنەوە.