روان عەبدولمەجید کتێبی "روانین؛ ئاوێنەکانی ژیان وەک خۆیان"ـی بڵاوکردەوە

روان عەبدولمەجید، توێژەری کۆمەڵایەتی و نووسەر، کتێبی "روانین؛ ئاوێنەکانی ژیان وەک خۆیان"ـی بڵاوکردەوە و بە کوردستان24ـی راگەیاند، بیرۆکەی ئەم بەرهەمە لە ئەزموونە پیشەیییەکانی لەگەڵ خەڵکدا سەرچاوەی گرتووە.

عەبدولمەجید گوتی: "وەک توێژەرێکی کۆمەڵایەتی، ژمارەیەکی زۆری مرۆڤم ناسیوە و چیرۆکی هەمەچەشنم بیستووە". ئەو شایەتحاڵی ئەو بارودۆخانە بووە کە وایان لێکردووە بە قووڵی بیر لە ژیانی خەڵک و ئەو راستییانە بکاتەوە کە رەنگە لەبارەی یەکترەوە نەیزانین.

ئەو توێژەرە روونیکردەوە، چیرۆکەکان جێپەنجەیەکیان لەسەر دەروونی بەجێهێشتووە و وایان لێکردووە هەست بە پێویستیی نووسینەوەیان بکات، بۆ ئەوەی خوێنەر لێیانەوە فێربێت و قووڵتر لە مرۆڤەکان تێبگات. ناونیشانی "روانین"ـیشی بەو مەبەستە هەڵبژاردووە تا خوێنەر جارێکی دیکە بە وردی سەیری دەوروبەرەکەی بکات و بەپێی رەواڵەت یان دۆخێکی کاتی حوکم لەسەر کەس نەدات، چونکە ئەستەمە بزانرێت ئەو کەسە بە چ قۆناخێکدا تێپەڕیوە یان چ ئازارێکی لە ناخیدا شاردووەتەوە.

کتێبەکە چیرۆکی کۆمەڵێک کەس دەگێڕێتەوە دەربارەی نەخۆشی، لەدەستدان، پەروەردەکردنی منداڵ، دایکایەتی، پەیوەندییە خێزانییەکان، ئازار و هیوا. هەر چیرۆکێک هەڵگری مانایەکی جیاوازە، بەڵام مرۆڤایەتی و هەستەکان و ئەزموونی ژیان ئەو چیرۆکانە بەیەک دەگەیەنێت.

عەبدولمەجید جەختیکردەوە، ئەم کتێبەی بۆ ئەوە نەنووسیوە نیشانی بدات هەموو شتێک لەبارەی ژیانەوە دەزانێت، بە پێچەوانەوە هەر چیرۆکێک کە بیستوویەتی یان ئەزموونی کردووە، شتێکی نوێی فێرکردووە. ئەو ئەزموونانە فێریان کردووە کە هەندێک جار مرۆڤ زیاتر لە ئامۆژگاری، پێویستی بە کەسێکە گوێی بۆ بگرێت.

یەکێک لە ئامانجەکانی نووسینی ئەم کتێبە، گەیاندنی چەند پەیامێکی سادەیە، لەوانە پەلەنەکردن لە حوکمدانی خەڵک و تێگەیشتن لە ئەوانی دیکە پێش بڕیاردان لەسەریان، چونکە هەریەک لە ئێمە چیرۆکێکی تایبەتی هەیە کە هەندێک جار بۆ نزیکترین کەسیش نادیارە.

ئەو نووسەرە روونیکردەوە، ئامانجی ئەو ئاشکراکردنی ژیانی کەس نییە، بەڵکو گەیاندنی ئەو وانە مرۆییانەیە کە لەو ئەزموونانە فێربووە. ئەو باوەڕی وایە لە پشت هەموو مرۆڤێکەوە چیرۆکێک هەیە شایەنی بیستن، بینین، بەزەیی و تێگەیشتنە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکارەکانی زۆربوونی نەخۆشییە دەروونییەکان، عەبدولمەجید گوتی: هۆکارەکان زۆرن و لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازن، بەڵام بە گشتی پێداویستیی زۆر و کەمیی داهات وادەکات مرۆڤەکان هەمیشە لە ژێر فشاردا بن، چونکە بەردەوام بیرکردنەوە لە دابینکردنی پێداویستییەکان کار دەکاتە سەر سیستەمی خەوتن و ئارامیی دەروونییان تێکدەدات.

ئەو توێژەرە ئاماژەی بەوەش کرد، کاریگەریی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەراوردکردنی بەردەوامی خۆیان بە کەسانی دیکە کە تەنیا رووە باشەکانیان نیشان دەدەن، وادەکات کەسی بەرامبەر هەست بە کەمی بکات. هاوکات هەستکردن بە تەنیا لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا، نەبوونی گوێگرێکی دڵسۆز و پەیوەندییەکی سەلامەت، بارێکی قورس لەسەر دەروون دروست دەکات.

روان عەبدولمەجید جەختی لەوە کردەوە، لە هەندێک کۆمەڵگەدا ترس لە قسەکردن لەسەر کێشە دەروونییەکان وایکردووە کەسەکە ئازارەکەی بشارێتەوە تا ئەو کاتەی چیتر توانای هەڵگرتنی نامێنێت. ئەو پێیوایە چارەسەر تەنیا لە پزیشک و دەرماندا نییە، بەڵکو زۆر جار لە پەیوەندییە تەندروستەکان، گوێگرتن، پشتگیریی کۆمەڵایەتی و دەستگەیشتن بە پاڵپشتیی دەروونیی کەسانی پسپۆڕ و شارەزادایە.

ئەم بەرهەمە دووەم کتێبی روان عەبدولمەجیدە و لە 154 لاپەڕە پێکهاتووە. یەکەم کتێبی ئەو نووسەرە بە ناونیشانی "کە لەکوێ خۆشەویستی هەبێت ژیان لەوێ هەیە"، بەرهەمێکی کۆمەڵناسانەیە کە باس لە رەهەندەکانی خۆشەویستیی مرۆڤ بۆ خوای گەورە، خێزان، هاوڕێ، کاری مرۆیی و خۆشەویستیی خود دەکات.