هیندستان تێچووی گواستنەوەی برنجی بەسمەتی بۆ عێراق 74% کەم دەکاتەوە

 دامەزراوەی هەناردەکارانی برنجی هیندستان دەستپێشخەرییەکی بۆ هەناردەکردنی بڕێکی زۆری برنجی بەسمەتی بۆ عێراق بە رێگەی دەریا راگەیاند، کە ئامانج لێی کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوەی دەریاییە بە رێژەی نزیکەی 74%، ئەم هەنگاوە بە مەبەستی بەرزکردنەوەی کێبڕکێی بەرهەمە هیندییەکانە لە بازاڕی عێراق و بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ شەممە، 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، دامەزراوەی هەناردەکارانی برنجی هیندستان روونیکردەوە، ئەو دەستپێشخەرییە بە هاوکاریی کۆمپانیای ئێکسیمواڵا سۆڵوشنز-ی سەنگافووری جێبەجێکراوە و بریتییە لە ناردنی 102 هەزار و 210 تۆن برنجی بەسمەتی بۆ عێراق بە بەکارهێنانی سێ کەشتی.

ئەو دەستپێشخەرییە تێچووی گواستنەوەی هەر تۆنێک لە 350 دۆلارەوە لە کاتی بەکارهێنانی کۆنتێنەر، بۆ 90 دۆلار بە رێگەی گواستنەوەی کراوە کەم دەکاتەوە، بەمەش تێچووی هەر تۆنێک نزیکەی 260 دۆلار کەمترە، کە کۆی گشتیی ئەو پارانەی دەگەرێتەوە گەنجینەی دەوڵەت بۆ ئەو سێ کەشتییە بە نزیکەی 26.6 ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت.

ئەم هەنگاوە لەگەڵ بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە و کەمیی کۆنتێنەر و ئەو ناسەقامگیرییە دێت کە کاریگەرییان لەسەر جووڵەی هەناردەی هیندستان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، کە گەورەترین بازاڕی ناوچەکەیە بۆ برنجی بەسمەتیی هیندستان.

داتاکانی دامەزراوەکە دەریدەخەن، لە ساڵی 2025-2026 هیندستان نزیکەی 4.564 ملیۆن تۆن برنجی بەسمەتیی بە بەهای 34 هەزار و 284 کرۆر روپیی هیندی کەدەکاتە زیاتر لە 135 ملیۆن دۆلار برنجی هەناردەی بازاڕەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە، کە دەکاتە نزیکەی 70%ـی کۆی هەناردەی ئەو جۆرە برنجە.

عێراق لەو ماوەیەدا نزیکەی 764 هەزار تۆن برنجی بەسمەتیی هیندی بە بەهای 5 هەزار و 583 کرۆر روپی کە دەکاتە نزیکەی 588 ملیۆن دۆلار هاوردە کردووە. بەمەش عێراق دوای سعوودیە و ئێران بووەتە سێیەم گەورەترین بازاڕی ناوچەکە بۆ ئەو بەرهەمە، کە بەهای هاوردەی سعوودیە و ئێران گەیشتووەتە 8 هەزار و 324 کرۆر روپی و 6 هەزار و 970 کرۆر روپی.

دێڤ گارگ، جێگری سەرۆکی دامەزراوەکە گوتی "بەرزبوونەوەی تێچووی گواستنەوە راستەوخۆ کاریگەری لەسەر توانای کێبڕکێی هەناردەی هیندستان هەیە"، روونیکردەوە، کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە سوودی بۆ هەناردەکاران و کڕیارانیش دەبێت و دامەزراوەکەش کار لەسەر پەرەپێدانی چارەسەری هاوشێوەی گواستنەوە بۆ وڵاتانی دیکەی کەنداو دەکات.

پڕۆسەکە گواستنەوەی بارهەڵگرەکان لە رێگەی سێ کەشتییەوە بۆ بەندەری ئوم قەسری عێراق لەخۆدەگرێت، کە یەکێکیان 36 هەزار و 810 تۆن و ئەوی دیکەیان 25 هەزار و 500 تۆن و سێیەمیان 39 هەزار و 900 تۆن برنج دەگوازنەوە. چاوەڕێ دەکرێت کەمکردنەوەی تێچووی گواستنەوە ببێتە هۆی باشترکردنی توانای کێبڕکێی برنجی هیندی لە بازاڕی عێراق.