پزیشکیان: ئەمریکا بەرپرسیارە لە شکستهێنانی رێککەوتنی نێوانمان
لەگەڵ زیادبوونی دەنگۆ و زانیارییە دزەپێکراوەکان لەبارەی ئامادەکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی هێرشە سەربازییەکان بۆ سەر ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران واشنتنی بە بەرپرسیاری شکستی رێککەوتنی کاتی لەگەڵ وڵاتەکەی تۆمەتبار کرد، لە هەمان کاتدا داوایکرد هەوڵێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سەرەتاییە بدرێت.
شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئێمە ئەمریکا بە بەرپرسیاری شکستهێنانی رێککەوتننامە کاتییەکە دەزانین، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا بڕوام وایە کە دەبێت هەنگاو بەرەو پێشەوە بنێین بۆ جێبەجێکردنی. رایگەیاند، دانوستانەکان بەرەوپێش دەچوون، بەڵام ترسنۆکەکان هەموو شتێکیان تێکدا، سەرەڕای ئەوەش دەبێت لەسەر هەوڵەکانمان بەردەوام بین بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. مەبەستی سەرۆککۆماری ئێران زیندووکردنەوەی ئەو رێککەوتنە بوو کە لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا تەنیا دوای چەند رۆژێک لە واژۆکردنی لە نێوان واشنتن و تاران، بە تەواوی داڕما.
ئەم پەیامەی پزیشکیان دوای ئەوە هات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئێوارەی هەینی رایگەیاند، وڵاتەکەی دانوستانی بونیاتنەر لەگەڵ ئێراندا دەکات، هاوکات جەختی لەوە کردەوە واشنتن پێش هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس لە 3ـی تشرینی دووەمدا، هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئێران.
لە لایەکی دیکەوە، سوزان مالۆنی، بەڕێوەبەری بەرنامەی سیاسەتی دەرەوە لە پەیمانگەی برۆکینگز رایگەیاندووە، ئەگەری زۆر هەیە دەستبەجێ دوای هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس هێرشەکان ئەنجام بدرێن. مالۆنی رایگەیاند، چەند هێمایەکی مەیدانی کردووە، لەوانە: ناردنی کەلوپەل و هێزی سەربازیی زیاتری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئاگادارکردنەوەی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە ناوچەکە، و بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەباشیی سوپای ئیسرائیل. مالۆنی روونیشی کردەوە لێدوانەکانی ترەمپ لەسەر ئەنجامنەدانی هێرش پێش دەنگدان پەیوەندی بەوەوە هەیە کە لە رووی هەڵبژاردنەوە هیچ سوودێک بە پێگەکەی ناگەیەنێت.
لە بەرامبەر ئەگەری هێرشەکاندا، بەرپرسانی تاران چەندان جار هۆشدارییان داوە وڵاتەکەیان ئامادەی بەرپەرچدانەوەیە و کاردانەوەی چاوەڕواننەکراویان دەبێت، کە رەنگە کێبڵەکان ژێر دەریاییەکانی ئینتەرنێت و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بکاتە ئامانج. لە هەمان کاتدا، راپۆرتێکی هەواڵگریی ئەمریکا هۆشداریی داوەتە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەبارەی ئەگەری بەئامانجگرتنی دیپلۆماتان و بەرپرسانی ئەمریکی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.