ئێران: تەقینەوەی کەشتییەک و دەستبەسەرداگرتنی دوو کەشتیی دیکەی راگەیاند
میدیاکانی ئێرانی بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی گەورەی نەوتی خاو (VLCC) لە کاتی دەرچوونی لە گەرووی هورمز کراوەتە ئامانج و دوو کەشتی دیکەش کە نەوتی قاچاخیان هەڵگرتبوو دەستیان بەسەردا گیراوە.
شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026 ، بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی، تەقینەوەکە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگرێکی گەورە لە بەشی دواوەی کەشتییەکەدا، کە دەکەوێتە بەشی سەرەکی ناوەندی کۆنترۆڵ و سەرکردایەتی کەشتییەکە، بەڵام هیچ زانیارییەک لە بارەی زیانی گیانییەوە ئاشکرا نەکراوە.
لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەی بنکەی پاسەوانانی سنووری دەریایی لە بەندر عەباس رایگەیاند، دوو کەشتی کە بڕێک سووتەمەنییان بە قاچاخ هەڵگرتبوو، لە ئاوەکانی کەنداو چاودێر کراون و دەستبەسەر کراون.
ئەم هەواڵە لە کاتێکدایە هەینی، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندبوو، دوو کەشتیی گەورەی نەوت هەڵگر لە باشووری گەرووی هورمز تووشی تەقینەوە بوون کە بەهۆی پێکدادانیان بە مینی دەریاییەوە دروست بوون، ئەمەش بووەتە هۆی پەککەوتنیان و چۆڵکردنی ستاف و ئەندامانی تیمی هەردوو کەشتییەکە.
ئەم رووداوانە لە ئەنجامی بەردەوامیی ئەو سنووردارکردنانەدا دێن کە تاران بەسەر هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان لە گەرووی هورمزدا سەپاندوویەتی، دوای ئەوەی لە 12ـی تەممووزی رابردوودا، لە دوای دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە 8ـی هەمان مانگدا، بڕیاری داخستنەوەی گەرووەکەی دایەوە.
دەسەڵاتدارانی ئێران هەڕەشەیان کردووە، هەر کەشتییەک لە دەرچەی دیاریکراو دەرچێت یان بێ وەرگرتنی مۆڵەت بەو گەرووەدا تێپەڕێت، دەکرێتە ئامانج.