بیست و شەشەمین فێستیڤاڵی کۆلارە لە بۆکان بەڕێوەچوو

لەسەر بەرزایییەکانی کێوەڕەش، هەزار بەشداربوو بە کۆلارە رەنگاوڕەنگەکانیانەوە چوونە نێو کێبڕکێیەکی جیاوازەوە. فێستیڤاڵەکە تەنیا بۆ خەڵکی بۆکان نەبوو، بەڵکو لە شارەکانی وەک سەقز و مەهابادیشەوە سەدان کەس بەشدار بوون تا رۆژێکی پڕ لە وزە و وەرزش بەسەر بەرن و خەڵاتی فێستیڤاڵەکە ببەنەوە.

لەبارەی ئەم چالاکییەوە، ئارەش ناسری، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵی کۆلارە، و محەمەد مەقسوودی، بەرپرسی وەرزشە گشتییەکانی بۆکان، تیشکیان خستە سەر گرنگیی رێکخستنی ئەم جۆرە بۆنانە بۆ پەرەپێدانی وەرزش و بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان.

لە هەمووان زیاتر، روخساری منداڵان بە بەرزبوونەوەی کۆلارەکانیان لە ئاسماندا دەدرەوشایەوە. کچۆڵە و کوڕیژگەکانی بۆکان و شارەکانی دەوروبەری، هەموو ساڵێک بە تامەزرۆیییەوە لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبن تا پێکەوە شاد و دڵخۆش بن.

بەشداربووان کالین باپیری و شەهێن سنەوبەری، خۆشیی خۆیان دەربڕی و رایانگەیاند، ئەم جۆرە چالاکییە دەبنە هۆی دروستکردنی کاتێکی خۆش و پڕ لە بیرەوەری بۆ خێزانەکان.

فێستیڤاڵی هەڵفڕینی کۆلارە بووەتە هێمایەک بۆ هاودەنگی و جۆشوخرۆشی کۆمەڵایەتی لە بۆکان. بەشداریی هەزاران کەس لەم بۆنەیەدا نیشانەی فەرهەنگی داهێنەرانەی خەڵکی بۆکانە و نەک هەر کێبڕکێیەکی وەرزشییە، بەڵکو نەریتێکی ساڵانەیە بۆ رەخساندنی هەلی شادی و دڵخۆشیی منداڵان و خێزانەکانیان.