ئەمریکا لە دەریای عەرەب خۆی بۆ هێرشی سەربازیی ئامادەدەکات

کەشتیی جۆرج واشنتن لە دەریای عەرەب، رێوشوێنەکانی ئامادەکاری بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ رێگری لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەردەوامن.

شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، بڕێکی زۆر مووشەک و بۆمبی جۆراوجۆر گەیەندراونەتە هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لە دەریای عەرەب. ئەو رۆژنامەیە لە سەردانێکدا بۆ سەر کەشتیی هەڵگری فڕۆکەی جۆرج واشنتن و کەشتییەکی تێکشکێنەری مووشەکی، ئۆپەراسیۆنی فڕینی فڕۆکە و گەیاندنی بارێکی گەورەی مووشەکی دوورهاوێژی بۆ لێدانی ئامانجە وشکانییەکان و بۆمبی قووڵبڕی بەدی کردووە.

بەگوێرەی زانیاریی سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەمریکا، کەشتییەکان خۆیان بۆ ئەگەری پەرەسەندنی شەڕ ئامادەدەکەن، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری هێرشی نوێ بدات. نیکۆلاس دیلیۆ، کاپتن و فەرماندەی کەشتییە هەڵگرەکە رایگەیاند: "تاقمەکە بەردەوام لە ئامادەباشیدان بۆ بەرگری یان جووڵەی پێشوەختە".

پێنتاگۆن بۆ رۆژنامەکەی روونیکردەوە، ئەرکی سوپا پەرەپێدانی بژاردەکان و خستنەڕوویانە بۆ سەرۆک و بەرپرسان جەختیانکردەوە، هیچ بڕیارێک بۆ جێبەجێکردن نەدراوە. ئەو داتایانە رایانگەیاند، ئامادەیی زیاتر بۆ ئەگەری هێرش، بێ ئەوەی کات یان ئامانجە کۆتاییەکان یان قەبارەی هێرشەکە دیاری بکرێت.

ترەمپ پێشتر گوتبووی کە ئەمریکا پێش هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس، کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو 3ـی نۆڤەمبەر بەڕێوەبچێت، هێرش ناکاتە سەر ئێران. لە لێدوانێکی تازەتردا کە هەینی رابردوو پێشکەشی کرد، ترەمپ گوتی واشنتن دەتوانێت شەڕەکە بە خێرایی کۆتایی پێبهێنێت و رایگەیاند، بژاردەکان لەسەر مێزن بەبێ ئەوەی رێڕەوێکی دیاریکراوی کۆتایی رابگەیەنێت.

لەلایەکی دیکەوە، رۆیتەرز لە سێ بەرپرسی باڵای ئێران و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستییەوە، تاران پێشبینی ئەگەری دووبارەبوونەوەی هێرشەکان دەکات. سەرچاوەکان گوتیان سەرکردایەتیی ئێران هەوڵ دەدات رێگری لەوە بکات ترەمپ پێش هەڵبژاردنەکان دەستکەوتێکی سیاسی بەدەستبهێنێت.

هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییە سەربازییەکان، ئەمریکا رێکاری کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندانی لە باڵیۆزخانە و بنکە دیپلۆماسییەکانی ناوچەکە گرتووەتە بەر. بەرپرسانی ئەمریکا بە ئەسۆشێتد پرێسیان راگەیاند، ئەو رێکارانە پەیوەندییان بە هێرشی نوێی ئەگەرییەوە نییە بۆ سەر ئێران، هەرچەندە ئاماژەن بۆ بەرزبوونەوەی مەزەندەکردنی مەترسییەکان.

لە رێڕەوێکی دیکەی دیپلۆماسیدا، وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە و ئەوروپا هەینی رابردوو لە ئەستەنبوڵ کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی ناکۆکییەکان. هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا هۆشداری دا لەوەی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران شەڕەکە فراوانتر دەکات و جەختی لەوە کردەوە کە دەستێوەردانی سەربازی هیچ چارەسەرێک پێشکەش ناکات.

لەو راوێژکارییانەدا وەزیرانی دەرەوەی میسر، پاکستان، سعوودیە، ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئیتاڵیا بەشدارییان کرد. هاوکات بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا هۆشداریدا، ئاڵۆزییەکانی نێوان واشنتن و تاران هیچ دەستکەوتێکی بۆ هیچ لایەک نابێت و دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.