حووسییەکان دامەزراوە نەوتییەکانی سعوودیەیان کردە ئامانج
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاند، هێزەکانیان حەوت ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەتیان لە قوڵایی خاکی سعوودیە بە بەکارهێنانی ژمارەیەک مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێکهێناوە.
شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەحیا سەریع، گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان رایگەیاند، لە یەکەم ئۆپەراسیۆندا، فڕۆکەخانەی خالید لە ریاز، پایتەختی سعوودیە لە دوو قۆناخدا کرایە ئامانج. سەریع جەختیکردەوە، ئامانجەکان بە وردی پێکراون. لە ئۆپەراسیۆنی دووەمدا کۆمپانیای ئارامکۆ لە یەنبوو و لە ئۆپەراسیۆنی سێیەمدا پاڵاوگەی رابغ کرانە ئامانج. هاوکات لە ئۆپەراسیۆنی چوارەمدا، وێستگەکانی پاڵپێوەنانی نەوت و بۆڕیی نەوتی خاوی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا کرانە ئامانج و هێزەکان سەرکەوتووانە ئامانجەکانیان پێکاوە.
هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە ئۆپەراسیۆنی پێنجەمدا، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی فەهد لە دەممام-یان کردە ئامانج، بەهۆی وردیی پێکانی ئامانجەکانەوە گەشتە ئاسمانییەکان راگیران. لە شەشەمین ئۆپەراسیۆندا فڕۆکەخانەی نەجران و لە حەوتەمین ئۆپەراسیۆندا بنکەی ئاسمانیی خەمیس موشەیت کرانە ئامانج.
سەریع روونیکردەوە، ئەو ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی وەڵامدانەوەی هێرشەکانی سعوودیە بۆ سەر یەمەن بوون. ئەو بەرپرسە ئاشکرایکرد، سعوودیە لە 24 کاتژمێری رابردوودا 100 هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی یەمەن، بەهۆیانەوە دەیان کەس کوژراون و بریندار بوون.
گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە کۆتایی قسەکانیدا رایگەیاند، سعوودیە لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژی و هێرشەکانییەوە بۆ سەر یەمەن، 3 هەزار و 123 هێرشی ئاسمانی و مووشەکی کردووە.