فەرەنسا پێکدادانی توند لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا روویدا

 گرژی و پێکدادان لە نێوان هێزەکانی پۆلیس و خۆپیشاندەراندا لە پاریس روویدا، و وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا رایگەیاند، نزیکەی 410 هەزار کەس لە سەرانسەری وڵاتەکەدا بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کردووە، 110 هەزار کەسیان تەنیا لە پاریس بوون.

شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، پۆلیسی پاریس روونیکردەوە، لە کۆتایی رێپێوانێکی ناڕەزایەتیدا، زیاتر لە 500 کەس لە ئاژاوەگێڕان پەلاماری هێزە ئەمنییەکانیان داوە. دوای ئەوەی بەشێک لە خۆپیشاندەران بەرد و کەرەستەی دیکەیان ئاراستەی پۆلیس کردووە، هێزە ئەمنییەکان بە گازی فرمێسکرێژ و ئاوی پەستێنراو بۆ بڵاوەپێکردنیان وەڵامیان داوەتەوە.

لە لیۆن، هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکرێژیان بەکارهێنا بۆ بڵاوەپێکردنی نزیکەی 150 خۆپیشاندەر، ئەمەش دوای ئەوەی لە ناوچەیەکی قەدەغەکراو لە نزیک باڵەخانەیەکی زانکۆ و بنکەیەکی پۆلیس کۆبوونەوە. دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان دوای ئەوە هات کە خۆپیشاندەران هەوڵیان دا رێگاکان دابخەن.

دیمەی یەکێک لە شەقامەکانی پاریس 

 

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا بڵاویکردەوە 70 هەزار پۆلیسیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر توندوتیژییەکی ئەگەری بڵاوە پێکردووە. لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا گوتی، بڵاوەپێکردنی چڕی پۆلیس رێگری لە توندوتیژی و تاڵانکاری دەکات، هەروەها هۆشداری دا لە بانگەشەکان بۆ توندوتیژی کە بە پەیامی روونی ئاژاوەگێڕانی وەسفکرد.

نونێز روونیکردەوە، دەسەڵاتداران ژمارەیەک خۆپیشاندانیان قەدەغە کردووە، بەڵام رێگە بە کردنی خۆپیشاندانی دیکە دەدەن ئەگەر رێکخەران چاودێریان بۆ دابین بکەن. نونێز لەمبارەیەوە گوتی: "بەو مەرجەی لەو شوێنانە نەکرێن ئەگەری تاڵانکاری یان تێکدانی ئارامی گشتی و شتی لەو شێوەیەیان لێ دەکرێت." دەسەڵاتداران رێپێوانی بزووتنەوەی کراس زەردەکان و کۆبوونەوەی خوێندکارانیان لە دەوروبەری دامەزراوە سیاسییەکان قەدەغە کرد.

 

لە بەرامبەردا، دەسەڵاتداران رێگەیان بە کردنی رێپێوانێکی سەندیکایی بە سەرۆکایەتی کۆنفیدراڵی گشتیی کار داوە، کە ئەمڕۆ شەممە لە مەیدانی باستیڵەوە بەرەو مەیدانی ئومە بەڕێ دەکەوێت. بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، دەسەڵاتدارانی پاریس دوای گۆڕینی رێڕەوەکە، رەزامەندییان لەسەر ئەو رێپێوانە دەربڕیوە، چونکە لە ناوەڕاستی پاریس و ناوچە بازرگانییەکان دوور دەبێت.

وەزیری ناوخۆ جەختیکردەوە، قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ناوچە هەستیارەکانی شارەکاندا بەردەوام دەبێت. خۆپیشاندانی لاوان بۆ داواکاریی باشکردنی دۆخی قوتابخانەکان ماوەی چەند هەفتەیەکە بەردەوامە، پێش ئەوەی لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا لە چەند شارێکی دیکەدا توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە بەشدارییان تێدا بکەن.

داواکارییەکانی خۆپیشاندەران فراوان بوون و ئێستا بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان و باشکردنی رەوشی قوتابخانەکانیش دەگرێتەوە. بەهۆی پێکدادانە توندەکانی پەراوێزی ناڕەزایەتییەکان، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ناچار بوون قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە لە بەشێک لە پاریس و شارەکانی دیکە لەوانە لیۆن و مارسیلیا رابگەیەنن. دەسەڵاتداران پێشتر رایانگەیاندبوو، لە خۆپیشاندانەکانی شەممەی رابردوودا نزیکەی 2400 کەس دەستگیرکراون و نزیکەی 1000 کەس لە هێزەکانی پۆلیس بریندار بوون.