پزیشکیان: هاووڵاتییانی ئێران بە ئەستەم خۆراکیان دەستدەکەوێت
سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانی وڵاتەکە بەهۆی سەرهەڵدانی گوشارە ئابوورییەکانی پەیوەست بە جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دابینکردنی خۆراک تێدەکۆشن، هاوکات ئەمریکا توندترین گوشاری ئابووریی خستووەتە سەر ئێران، لە بەرامبەردا بەرپرسانی ئێران جەختدەکەنەوە، بەبێ نەهێشتنی گوشار و هەڕەشەکانی ئەمریکا، هیچ دانوستانێکی ئاشتی سەرکەوتوو نابێت.
شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسعود پزشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لە وتارێکدا، لە پێگە ئەلیکترۆنییەکەی خۆیدا بڵاویکردووەتەوە، گوتی: "زۆر کەس لەم کۆمەڵگەیەدا بەهۆی ئەو جەنگەی تێیکەوتووین و بەهۆی بارودۆخی جەنگییەوە کە تێیدا دەژین، بۆ دابینکردنی خۆراک لەسەر مێزەکانیان تێدەکۆشن".
جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە 28ـی شوبات بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد، کە بووە هۆی کوژرانی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵا و ژمارەیەک لە فەرماندە باڵاکانی سوپا. ئێران لە وەڵامدا هێرشی کردە سەر بنکە و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە و ئیسرائیل، هاوکات رێوشوێنی سنووردارکەری بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هورموزی ستراتیژی دانا.
واشنتن لە بەرامبەردا گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. واشنتن و تاران لە حوزەیرانی رابردوو رێککەوتنێکی ئاگربەستیان واژۆکرد کە لە رێگەی یاداشتی لێکتێگەیشتن بە نێوەندگیریی پاکستان جێگیرکرابوو، بەڵام ئەو رێککەوتنە دواتر هەڵوەشایەوە، بەبێ ئەوەی هەردوو لا دەست بە چالاکییە سەربازییە بەرفراوانەکان بکەنەوە.
پزشکیان داوای کۆتاییهێنان بە دۆخی نائاشتی و ناجەنگی کرد و بە پێویستی زانی تاران لەو دۆخە دەرباز ببێت، بەبێ ئەوەی وردەکاریی چۆنێتیی بەدیهێنانی ئەو ئامانجە روونبکاتەوە.
لێدوانەکانی پزشکیان لە کاتێکدایە نیشانەکانی ئەگەری دەستپێکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکان روو لە زیادبوونە. تۆم بەڕاک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا رەتناکاتەوە.
بەڕاک لە چاوپێکەوتنێکی بەرنامەیەکی ئینتەرنێتیدا، هەینی بڵاوکرایەوە، سەبارەت بە ئەگەری هێرش لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا رایگەیاند: "ئەگەری روودانی هێرشێک لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا کراوەیە".
لەلایەکی دیکەوە، گوتەبێژی سوپای پاسداران ئەمڕۆ شەممە بە ئاژانسی فارسی رایگەیاند، هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی نوێ ئامادەن. ئەو بەرپرسە روونیکردەوە: "ئەگەر دوژمن کارێکی سنووردار بکات، وەڵامی ئێران بە چەندان هێندە دەبێت".