هەزاران ئیسرائیلی دژی ناتانیاهۆ رژانە سەر شەقامەکان

 هەزاران ئیسرائیلی لە تەلئەڤیڤ دژی حکوومەت و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل خۆپیشاندانیان کرد، ئەمەش تەنیا چەند رۆژێک پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی کنێستە، وەک دەنگدانێک لەسەر شێوازی سەرکردایەتیکردنی ناتانیاهۆ سەیر دەکرێت.

شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس، "ئەنجوومەنی ئۆکتۆبەر" گروپێکە لەلایەن خێزانی بارمتەکانی رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 دامەزراوە، بانگەوازی بۆ خۆپیشاندانەکە کردووە. ئامانجی سەرەکیی خۆپیشاندەران داواکردنی لێپرسینەوەیە لەو بەرپرسانەی کەمتەرخەمیان کردووە لە رێگریکردن لە هێرشەکەی حەماس، جەنگی کەرتی غەزەی هەڵگیرساند. ئەنجوومەنەکە لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە رایگەیاند، چالاکییەکی کۆتایی بۆ کەمپینەکەیان رێکدەخەن، سێ ساڵە بەردەوامە و داوای ئاشکراکردنی راستییەکان و پێکهێنانی لێژنەیەکی فەرمیی لێکۆڵینەوە دەکەن.

تەلئەڤیڤ پایتەختی ئیسرائیل، خۆپیشاندانی هاووڵاتییان دژی حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ

پێشبینی دەکرێت کەسایەتییە دیارەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەشداری لە خۆپیشاندانەکەدا بکەن. هاوکات راپرسییەکان ئاماژە بە رکابەرییەکی توند دەکەن لەنێوان تەکەتولی ناتانیاهۆی راستڕەو، لە کۆتایی 2022ـوە دەسەڵاتدارە، لەگەڵ تەکەتولی سەرەکیی رکابەرەکەی لە تەیارەی راستڕەوی ناوەند، گادی ئایزینکۆت. بەپێی ئاژانسەکە، پێشبینییەکان نیشانی نادەن هیچ کامیان بتوانن زۆرینەی کورسییەکانی کنێست بەدەستبهێنن.

سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر خۆپیشاندانەکە، ئەنجوومەنی ئۆکتۆبەر هۆشداریی داوەتە دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە ئەگەری روودانی وروژاندن ئاراستەی گردبوونەوەکە کرابێت. ئەوان نامەیەکی بەپەلەیان ئاراستەی کۆمیسیاری پۆلیس کردووە، دوای ئەوەی هۆشدارییان پێگەیشتووە هەوڵێک هەیە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار بۆ تێکدانی خۆپیشاندانەکەی ئێوارەی شەممە.

 

ئەم خۆپیشاندانە لە چوارچێوەی کەمپینێکی بەردەوامی چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی و حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆن دێت بۆ داواکردنی پێکهێنانی لێژنەیەکی سەربەخۆی لێکۆڵینەوە لەو کەمتەرخەمییە ئەمنییانەی پێش هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023 روویاندا. حکوومەتەکەی ناتانیاهۆ داوای پێکهێنانی لێژنەی سەربەخۆی رەتیکردووەتەوە و لەبری ئەوە پێشنیاری لێژنەیەک دەکات نیوەی ئەندامەکانی لەلایەن هاوپەیمانیی دەسەڵاتدارەوە دیاری دەکرێن و نیوەکەی تریش پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن هەڵیاندەبژێرن.

 

خۆپیشاندانەکانی تەلئەڤیڤ گوشار لەسەر ناتانیاهۆ دروست دەکەن، ئەویش تەنیا چەند رۆژێک پێش هەڵبژاردنەکانی کنێستی ئیسرائیل، بڕیارە سێشەممەی داهاتوو 27ـی ئۆکتۆبەر بەڕێوەبچێت. ئەنجامی دەنگدانەکە شێوازی هاوپەیمانیی داهاتووی دەسەڵاتدار دیاری دەکات، ئەوەش لەکاتێکدایە راپرسییەکان دەریدەخەن ئەستەمە هیچ کام لە دوو بەرەی رکابەر بتوانن بە تەنیا زۆرینەی پێویست بۆ پێکهێنانی حکوومەت بەدەستبهێنن.