هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوای پاراستنی خۆپیشاندەران دەکات

 هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەیەکدا داوای دابینکردنی پاراستنی بۆ خۆپیشاندەران کرد و جەختی لەسەر گرنگیی پەسندکردنی بوجە لە کاتە دەستوورییە دیاریکراوەکاندا کردەوە.

شەممە 24ـی تشرینی یەکەمی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، عەلی زەیدی، میوانداریی چلەمین کۆبوونەوەی خولیی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتی کرد، بە ئامادەبوونی سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هاوپەیمانییەکە تاوتوێی گۆڕانکارییە ئەمنی و سەربازییە ناوخۆیی و هەرێمییەکانی کردووە. ئەوان جەختیان لەسەر پێویستیی گرنگیدانی تەواو بەو دۆسیانە لە سێبەری دۆخی ناسەقامگیریی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا کردەوە، هاوکات داوایان لە هەمووان کرد پابەندبن بەو سیاسەت و ژیرییەی بۆ پاراستنی ئاسایش و سەروەریی وڵات بەدیهاتووە.

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکان، هاوپەیمانییەکە دووپاتیکردەوە، مافی خۆپیشاندان و دەربڕینی رای جیاواز بەپێی دەستوور مسۆگەر کراوە. ئەوان داوایان کرد پاراستن بۆ خۆپیشاندەران دابین بکرێت و گوێ لە داواکارییە رەواکانیان بگیرێت، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر گرنگیی پابەندبوون بە دەستوور و یاسا و خۆبەدوورگرتن لە تێکدانی ئاسایشی هاووڵاتییان یان دەستدرێژیکردن بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی یان داخستنی رێگاکان.

لەبارەی دۆسیەی داراییەوە، هاوپەیمانییەکە پڕۆژەیاسای بوجەی تاوتوێ کرد و جەختی لەسەر گرنگیی پەسندکردنی لە کاتە دەستوورییە دیاریکراوەکاندا کردەوە. هاوکات پێویستیی بەدیهێنانی دادپەروەری لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا دووپاتکرایەوە، لەگەڵ پێدانی لەپێشینەی تەواو بەو پڕۆژە و بەرنامانەی پەیوەستن بە پێداویستییە خزمەتگوزاری و گوزەرانییەکانی هاووڵاتییان، بەجۆرێک ژیانێکی شایستەیان بۆ مسۆگەر بکات.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، هاوپەیمانییەکە دەستخۆشیی لەو هەنگاوانە کرد دەزگا پەیوەندیدارەکان بەرەو هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهاتی نیشتمانی و فرەکردنی دەروازەکانی هەناردەکردنی نەوت دەیگرنەبەر، بەجۆرێک سەقامگیریی ئابووری بەهێز بکات و ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بپارێزێت.