گوهدار شێخۆ: لە ئایندەیەکی نزیکدا زاخۆ دەبێتە مەڵبەندی پیشەسازیی کوردستان و عێراق

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لقی سەرەکیی کۆمپانیای نیسان لەسەر ئاستی عێراق کرایەوە و بەردی بناخە بۆ چەند پڕۆژەیەکی گەورەی پیشەسازی و گەشتیاری دانرا.

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاریی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە رێوڕەسمەکەدا لە وتارێکدا بەخێرهاتنی سەرۆکی حکوومەتی کرد و رایگەیاند، سەردانەکانی مەسرور بارزانی بۆ زاخۆ هەمیشە بوژانەوە، پڕۆژەی ستراتیژی و هیوایەکی نوێ بە خەڵکی ناوچەکە دەبەخشن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەردی بناخەی کارگەی دروستکردنی ئۆتۆمبێلی ‘جیتۆر’ و پڕۆژەی ‘مۆتۆر پلێکس’ دانرا، کە پڕۆژەی مۆتۆر پلێکس بە یەکێک لە گەورەترین پڕۆژە گەشتیاری و پەروەردەییەکان هەژمار دەکرێت.

سەبارەت بە بەرەوپێشچوونی سێکتەری پیشەسازی، سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ ئاماژەی بە پلانی هەمەجۆرکردنی ئابووری دا و گوتی "لەسەر راسپاردەکانی سەرۆکی حکوومەت، کارمان بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری دەڤەرەکە کردووە لە بوارەکانی پیشەسازی، گەشتیاری و کشتوکاڵدا".

ئاشکراشی کرد، لە پێنج ساڵی رابردوودا نزیکەی 140 کارگەی جۆراوجۆر لە زاخۆ کراونەتەوە، لەم ماوەیەی دواییشدا شەش مۆڵەتی نوێ بە کارگەی جیاجیا دراون، ئەمەش بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرپەڕشتیاریی ئیدارەی زاخۆ گوتی: لە ئایندەیەکی نزیکدا زاخۆ دەبێتە مەڵبەندێکی گرنگی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق.