جین کای: زاخۆ دەبێتە ناوەندی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل
ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، جین کای نوێنەری کۆمپانیای جیتۆر رایگەیاند، زاخۆ خاوەنی پێگەیەکی ستراتیجی و لۆجستییە و بڕوامان وایە توانایەکی زۆری بۆ راکێشانی وەبەرهێنان و پیشەسازیی ئۆتۆمبێل و کەلوپەلەکانی هەیە. هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوەندێکی نوێ بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی تازە لە پەرەپێدانی ئۆتۆمبێل، بۆیە هەرێمی کوردستان و عێراق دەبنە بازاڕێکی ستراتیجیی گرنگ.
کای روونیکردەوە، لە ساڵانی رابردوودا گەشەیەکی باشی براندە جیهانییەکانیان لە ناوچەکەدا بینیوە. ئەو گوتیشی، ئەمڕۆ شانازی دەکەین بەوەی پابەندیی خۆمان بۆ ئەم بازاڕە دەردەبڕین و ئاستێکی نوێ لە کارکردن دەهێنینە ئەم ناوچەیە.
لەبارەی رێککەوتنەکەشەوە، جین کای رایگەیاند، لەگەڵ گرووپەکانی هارلم رێککەوتنێک بۆ پڕۆژەیەکی ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەین، کە رووبەرەکەی زیاتر لە هەزار دۆنم دەبێت. ئەم پڕۆژەیە گۆڕانکارییەکی گرنگ لە بواری بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە جیهاندا دروست دەکات و دەستپێشخەرییەکی باش دەبێت بۆ گۆڕانکاریی جیهانی لە رووی تەکنەلۆژیاوە.
هاوکات ئەو بەرپرسە روونیکردەوە، تەکنەلۆژیای ناوخۆیی و رەخساندنی هەلی کار، پشتیوانی پەرەسەندنی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق دەکات. کای جەختی کردەوە، شانازی بە هەنگاوەکانی گرووپی هارلم لەگەڵ هاوبەشە ستراتیجییەکانیان لە عێراق دەکەن و بڕوایان بەو توانایانە هەیە.
کای لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی ئەوەین بەیەکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئەو دیدگایە بکەینە واقیع و لاپەڕەیەکی نوێ لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی سنوورەکانی هەرێمیش بکەینەوە. زاخۆ ئەمڕۆ نوێنەرایەتی دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل دەکات کە پشتیوانی ئەم کەرتە دەکات.