کورتەفیلمە کوردییەکان دەگەنە قەزا و ناحیە و گوندە دوورەدەستەکانی کوردستان
پڕۆژەی نوێی سینەمای گەڕۆک، بە ئامانجی نمایشکردنی کورتەفیلمە کوردییەکان لە قەزا و ناحیە و گوندەکانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و هەوڵ دەدات پانتایی سینەما فراوانتر بکات و دەرفەتی بینینی بەرهەمە سینەماییە کوردییەکان بۆ دانیشتووانی ناوچە دوورەدەستەکانیش بڕەخسێنێت.
یەکشەممە، 25ی تشرینی یەکەمی 2025، کەریمۆک غەفوور، دەرهێنەر و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم دەستپێشخەرییە وەک هەنگاوی یەکەم لە قەزای دەربەندیخانەوە دەستی پێکردووە و بەپێی پلانی پڕۆژەکە، لە قۆناخەکانی داهاتوودا بڕیارە بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستان فراوان بکرێت و بگاتە ژمارەیەکی زۆر لە قەزا و ناحیە و گوندەکان. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ نزیککردنەوەی هونەری سینەما لە ژیانی رۆژانەی کۆمەڵگە و رەخساندنی دەرفەتی بەشداریی زیاتر بۆ توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا دێت."
کەریمۆک غەفوور سەبارەت بە گرنگیی پڕۆژەکە گوتی، "پڕۆژەکە گرنگی بەوە دەدات، سینەما تەنیا لە شارە گەورەکان و ناوەندە هونەرییە دیارەکاندا سنووردار نەبێت، بەڵکو بەرهەمە سینەماییەکان بگەنە ئەو ناوچانەش لە رەوتی چالاکییە سینەماییەکاندا کەمتر دەرفەتیان بۆ رەخساوە. لەم روانگەیەوە، نمایشکردنی کورتەفیلم لە شوێنە جیاوازەکان دەتوانێت پردێک بێت لەنێوان فیلمسازان و بینەرانی نوێدا و دەرفەتێک بڕەخسێنێت بۆ ناساندنی تواناکان و بەرهەمەکانی سینەمای کوردی بە کۆمەڵگەیەکی فراوانتر."
سەبارەت بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە، کەریمۆک غەفوور دەڵێت، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی پڕۆژەکە، بەشداریکردنی گەنجان و دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکانە لە ژیانی سینەمایی و دروستکردنی دەرفەتی زیاتر بۆ ئەوەی لە رێگەی فیلمەکانەوە لەگەڵ جۆرە جیاوازەکانی گێڕانەوە، بیرکردنەوە و دەربڕینی هونەری ئاشنا ببن. هەروەها، ئەم دەستپێشخەرییە دەتوانێت هۆکارێک بێت بۆ هاندانی گەنجان بە ئاراستەی هونەری سینەما و زیاترکردنی سەرنجیان بۆ ئەم بوارە، بە تایبەتی لە ناوچەکاندا کە دەرفەتەکانی بەشداری لە چالاکییە هونەرییەکاندا سنووردارترن."
ئەو دەرهێنەرە باسی لەوەش کرد، "پڕۆژەکە جەخت لە گەیاندنی پەیامە کۆمەڵایەتییەکان لە رێگەی سینەماوە دەکاتەوە؛ پەیامگەلێک کە پەیوەندییان بە ئاشتی، هاوڕێیەتی، پێکەوەژیان، قبوڵکردنی یەکتر و رێزگرتن لە جیاوازییەکانەوە هەیە. فیلم، وەک ئامرازێکی هونەری و پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، دەتوانێت بابەتی جۆراوجۆر بخاتە بەردەم بینەر و دەرفەتی گفتوگۆ و بیرکردنەوە لەسەر کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان بڕەخسێنێت."
کەریمۆک غەفوور باس لە نمایشکردنی کورتەفیلمەکان لە ناوچە جیاوازەکان دەکات و دەڵێت، "نمایشکردنی کورتەفیلمەکان لە ناوچە جیاوازەکان تەنیا بە پێشاندانی فیلم کۆتایی نایەت، بەڵکو دەتوانێت ببێتە دەستپێکی پەیوەندییەکی نوێ لەنێوان هونەر و کۆمەڵگەدا و رۆڵی بینەر لە تێگەیشتن لە پەیام و ناوەڕۆکی بەرهەمە سینەماییەکاندا زیاتر بکات. هەروەها، ئەم جۆرە چالاکییانە دەرفەت بۆ بینەرانی ناوچە جیاوازەکان دەڕەخسێنن تا لە رێگەی سینەماوە لەگەڵ ئەزموون و چیرۆکی ژیانی کەسانی دیکە ئاشنا ببن."
سەبارەت بە گرنگیی ئەو دەستپێشخەرییە لە پڕۆژەی سینەمای گەڕۆک، کەریمۆک غەفوور گوتی، "ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکە بۆ زیاتر ناساندنی کورتەفیلمی کوردی و گەیاندنی دەنگ و بیرۆکەی فیلمسازان بە بینەرانی نوێ. کورتەفیلم، بەهۆی ماوەی کورت و توانای خستنەڕووی بابەتی دیاریکراو لە چوارچێوەیەکی هونەریدا، دەتوانێت ئامرازێکی گونجاو بێت بۆ گەیاندنی پەیامە جۆراوجۆرەکان و دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان بەرهەمهێنەران و بینەراندا."
ئەو دەرهێنەرە ئاماژەی بەوەش دا، "دەستپێکردنی پڕۆژەکە لە دەربەندیخان، بە هیوای گەیشتن بە ناوچەکانی دیکەی کوردستان، هەنگاوێکە بەرەو ئەوەی سینەما زیاتر لە ژیانی کولتووریی کۆمەڵگەدا ئامادە بێت و دەرفەتی بینین و ئاشنابوون بە بەرهەمە هونەرییەکان بۆ دانیشتووانی ناوچە جیاوازەکانیش دابین بکرێت. سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەش بە رادەی بەردەوامیی نمایشەکان، فراوانبوونی شوێنەکانی پێشکەشکردن و بەشداریی دانیشتووانی ناوچەکانەوە پەیوەست دەبێت."
شەش کورتەفیلم لە پڕۆژەی سینەمای گەڕۆک لە دەربەندیخان نمایش دەکرێن وەکو، مردن لەنێوان ژیاندا، کچی با، تۆمارکردن، هەژار، مایکڕۆفۆن و ماڵێکی چۆڵ.
پڕۆژەی سینەمای گەڕۆک دوو رۆژ لە دەربەندیخان بەردەوام دەبێت، ئەمڕۆ یەکشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2026، لە گەڕەکی سیروان، کەمپی خوار. رۆژی دووشەممە لە ناحیەی باوەخۆشێن لە هۆڵی ناحیە. هەر هەمان رۆژ لە گوندی بانيخێڵان لە قوتابخانەی بنەڕەتی بانیخێڵان لە ناو گوندەکە.