پارێزگای میسان هەڕەشەی جیابوونەوە لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان، داوای لە حکوومەتی فیدراڵیی کرد بە زووترین کات دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران بکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، مستەفا دەعیر، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە نزیک دەروازەی شەیب، وادەی سێ رۆژی بۆ کردنەوەی دەروازەکە دیاریکرد، هۆشداری دا، ئەگەر لەو ماوەیەدا داواکارییەکەیان جێبەجێ نەکرێت، مۆڵەتەکە تا پێنجشەممەی داهاتوو درێژ دەکەنەوە.

سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای میسان جەختیکردەوە، ئەگەر وەڵامی داواکارییەکەیان نەدرێتەوە، بایکۆتی مەدەنی رادەگەیەنن و سەرجەم رێگاکان دادەخەن، هەروەها هەنگاوی جددی بۆ دابڕانی پارێزگاکە لە دەسەڵاتی بەغدا دەگرنەبەر.

حکوومەتی عێراق سێشەممەی رابردوو، 20ـی تشرینی یەکەم، بڕیاریدا دەروازەی سنووریی شەیب لەگەڵ ئێران تا کاتێکی نادیار دابخات.

هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئێران ناڕەزایی دەربڕی و جەختیکردەوە، تاران هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەختەی لە بەغداوە سەبارەت بەو بڕیارە بەدەست نەگەیشتووە.