یەکەم گەشتی راستەوخۆ لەنێوان هەولێر و مەسقەت دەستپێدەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، یەکەم گەشتی راستەوخۆی ئاسمانی لە نێوان هەولێر و مەسقەت دەست پێ دەکات.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانی سەلام ئێر، کە هێڵی ئاسمانی فەرمیی عومانە، دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر.

ئەحمەد هۆشیار روونیکردەوە، لە چوارچێوەی بەرنامەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەرفەتی زیاتر بۆ کەرتی گەشتیاری رەخسێنراوە. سەرەڕای دۆخی نالەباری ئاسمانی لە ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ئەمڕۆ پێشوازی لەم گەشتە دەکات کە وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان هەولێر و عومان دەبێت.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گوتیشی، زیادبوونی ژمارەی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی هەولێر زەمینەی گونجاو بۆ گەشتیاران دەڕەخسێنێت تا گەشت بۆ وڵاتانی دیکە بکەن. ئەم گەشتانە دەتوانرێت وەک ترانزیت بۆ وڵاتانی ئەوروپاش بەکار بهێنرێت.