سێنتکۆم: فڕۆکەی جەنگیی F-35 لەسەر کەشتیی جۆرج بۆش نیشتەوە

ناوەندی فەرماندەیی سەربازیی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکان و پتەونکردنی ئاسایشی ناوچەکە، فڕۆکەیەکی جەنگیی پێشکەوتووی جۆری (F-35C Lightning II) بە سەرکەوتوویی لەسەر تەختی فڕین لە فڕۆکەهەڵگری جۆرج دەبڵیو بۆش لە دەریای عەرەب نیشتەوە.

یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ( سێنتکۆم ) رایگەیاند، ئەم چالاکییە سەربازییە لە کاتێکدایە کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکە و هێزە هاوبەشەکانی سێنتکۆم لە ناوچەکەدا بەردەوامن لە کردنی مەشق و راهێنان و ئامادەکاریی بەرز بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هاوکێشەیەکی لەناکاو و پاراستنی هاوسەنگیی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

گەیشتنی فڕۆکەی جەنگی و کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا بۆ ئاوەکانی کەنداو و بە تایبەت دەریای عەرەب، پێشهاتێکی دیکەیە بۆ پەرەسەندنی گرژییەکان و دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە ناوچەکە، سەرەڕای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تا کۆتایی هاتنی دەنگدانی نیوەی خول، پلانیان نییە هێرشی سەربازیی بۆ سەر ئێران دەستپێبکەنەوە، بەڵام لێدوانی بەرپرسان و ئامادەکارییە سەربازییەکانی ناوچەکە لە لایەن ئەمریکا و ئیسرائیل لە لایەک و ئێران لە لایەکی دیکەوە، ئاماژەن بۆ دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگێکی فراوان. 

فڕۆکەی (F-35C) کە بە توانای پێشکەوتووی تێپەڕاندنی راداران و سیستمی شاراوەیی (Stealth) ناسراوە، بەشدارە لە بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئاسمانیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا لەسەر دەریاکان. فەرماندەیی سەربازیی جەختدەکاتەوە ، بوونی ئەم پلاتفۆرمە پێشکەوتووانە پەیامێکی روونە بۆ سەقامگیریی ناوچەکە و رێگریکردن لە هەر هەڕەشەیەک تێکدانی ئارامیی ناوچە دەریاییە گرنگەکان بکاتە ئامانج.