سامان تاڵەبانی بە بریکاری سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەستنیشان کرا
لەسەر پێشنیازی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر و بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیار درا بە دەستنیشانکردنی لیوا روکن سامان عاسی وەهاب تاڵەبانی، وەک بریکاری سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری فیدراڵی.
یەکشەممە، 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا گوتی: لەسەر پێشنیازی فەرمیی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر و بە رەزامەندی و فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بڕیاری دەستنیشانکردنی لیوا روکن سامان عاسی وەهاب تاڵەبانی، وەک بریکاری سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق درا.
لیوا روکن سامان تاڵەبانی یەکێکە لە فەرماندە و ئەفسەرە سەربازییە دیارەکانی عێراق و لە پاش پڕۆسەی ئازادی لە ساڵی 2003، ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی سوپای نوێی عێراق بووە و رۆڵێکی بەرچاوی لە بونیادنانەوەی دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکانی وڵاتدا گێڕاوە.
هەورەها سامان تاڵەبانی، پێش وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە نوێیە، پۆستی جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراقی بەڕێوەبردووە و خاوەنی ئەزموونێکی بەرفراوانە لە بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و سەرپەرشتیکردنی میحوەرە سەربازییە هەستیارەکان.