بەقایی: تاران ئامادەیە بۆ دانوستان

 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، "ئێمە هەرگیز مێزی دانوستانمان بەجێنەهێشتووە، هاوکات بە تەواوی ئامادە بووین بەرگری لە خاکی خۆمان بکەین و پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە دەگوازرێنەوە."

یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران روونیکردەوە، تاران ئامادەی گفتوگۆ و دانوستانە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە بەو شێوەیەی دەردەکەوێت ئەمریکا پێداگری لەسەر داواکارییە یەکلایەنەکانی دەکات. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بەقایی جەختیکردەوە، ئێران هیچ پەیوەندییەکی بەو ئۆپەراسیۆنانەوە نییە کە بانگەشەی ئەوە دەکرێت دژی بنکە ئاسمانییەکان لە بەریتانیا کراون.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دۆخی ئەمنی کەنداو گوتی، "گەرووی هورمز ئەمن و ئاسایشی تێدا نەماوە، نەک لەبەر ئەوەی ئێران ئەو کارەی کردبێت، بەڵکو لەبەر ئەوەی ئەمریکا و ئیسرائیل سوودیان لەو رێڕەوە ئاوییە وەرگرتووە، چونکە هێشتا لە تەواوی ناوچەکە بۆ دەستدرێژیی سەربازی و بەردەوامبوونی رەفتارە نایاسایی و دەستدرێژکارانەیان دژی ئێران سوود وەردەگرن."

بەقایی لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی، "بۆیە تا ئەو کاتەی ئەم دۆخە بەردەوام بێت، هیچ بژاردەیەکمان نییە جگە لە گرتنەبەری رێوشوێنە پێویستەکان بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی خۆمان و ئاسایشی نەتەوەیی و گەلەکە."

قسەکانی ئیسماعیل بەقایی دوای ئەوە هات، سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەگەری هەیە هێرشێک بکەینە سەر ئێران، ئەگەریش هەیە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بگەینە رێککەوتنێکی گەورە و باش".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە: "بیر لە هێرشکردنە سەر ئێران دەکەینەوە و رەنگە سبەی یاخود دوو سبەی رووبدات، بەڵام کاتی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی ئاشکرا ناکەم. دڵنیا نیم ئایا ئێران رێککەوتنێک واژۆدەکات دەکات یان نا، بەڵام لە هەردوو حاڵەتەکەدا ئێمە براوە دەبین".

سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە ستراتیژییەکەی بەرامبەر تاران گوتی: "بە شێوەیەکی زۆر کاریگەر مامەڵەم لەگەڵ ئێران کردووە، رەنگە ناچار بم ئەرکەکە کۆتایی پێ بهێنم یان لەوانەیە ئێرانییەکان بگەنە رێککەوتنێک".