ناتانیاهۆ بۆ دووبارە هەڵبژاردنەوەی داوای پاڵپشتیی لە ترەمپ دەکات
بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ئەکسیۆس، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ماوەی رابردوودا داوای لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کردووە پاڵپشتیی زیاتری ئاشکرای هەڵمەتەکەی بکات. ئەم داواکارییە بەر لە هەڵبژاردنی سێشەممەی داهاتوو هاتووە بەهۆی ئەنجامی راپرسییەکانەوە، ناتانیاهۆ لە دۆخێکی سەختدایە.
یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکی رایگەیاندووە، کۆشکی سپی گوشارە بەردەوامەکانی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بە نیشانەی بێهیوایی دەبینێت و پێی وایە ئەو دۆخە دەریخستووە ناتانیاهۆ هەست بەوە دەکات لە رکابەرەکانی دواکەوتووە. لە بەرامبەردا، نێتا مۆلخۆ، گوتەبێژی پارتی لیکود رەتیکردەوە سەرۆکوەزیران لە چەند رۆژی رابردوودا یان بەر لە بەیاننامەی پاڵپشتییەکەی ترەمپ، داوای لێکردبێت پاڵپشتیی هەڵمەتەکەی بکات.
سەرچاوە ئەمریکییەکە رایگەیاند، ناتانیاهۆ لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا دوو جار لەگەڵ ترەمپ قسەی کردووە و داوای لێکردووە ئەو پاڵپشتییەی هەفتەی رابردوو لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تروس سۆشەڵ" دەری بڕیوە، دووپاتی بکاتەوە و چڕتری بکاتەوە. بەگوتەی هەمان سەرچاوە، ناتانیاهۆ تەنانەت پێشنیاری دەقێکی دیاریکراوی بۆ بەیاننامەی پاڵپشتیی زیاتر کردووە.
سەرچاوەیەکی ئیسرائیلی ئەوەی خستووەتە روو کە ناتانیاهۆ پێشنیاری بۆ ترەمپ کردووە پەیوەندی بە رۆژنامەنووسە ئیسرائیلییەکانەوە بکات بۆ ئەوەی پاڵپشتیی زیاتر دەرببڕێت. کۆشکی سپی وەڵامی داواکارییەکی بۆ لێدوان نەدایەوە، لە کاتێکدا ترەمپ دوو هەفتە لەمەوبەر لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ تۆڕی "نیوزماکس" گوتبووی کە کەسانێک لە ئیسرائیل داوایان لێکردووە دەستوەردان بکات بۆ پاڵپشتییکردنی ناتانیاهۆ.
ترەمپ هەفتەی رابردوو دوای چەند هەفتەیەک لە دوودڵی، پاڵپشتیی خۆی بۆ ناتانیاهۆ راگەیاند و تا ئەو ئاستە رۆیشت کە رایگەیاند، شکستهێنانی ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەکاندا رەنگە لێکەوتەی بۆ پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل هەبێت. ترەمپ تەنیا لەگەڵ ناتانیاهۆ کاری کردووە و هیچ کام لە بەربژێرەکانی دیکە بە کەسی ناناسێت، هەرچەندە پەیوەندیی نێوانیان بە درێژایی ساڵان بە قۆناخی جیاوازدا تێپەڕیوە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی ئیسرائیل، سێ گەورە تۆڕی تەلەڤزیۆنی ئیسرائیلی سێشەممە ئەنجامی کۆتایی راپرسییەکانیان بڵاوکردەوە، دەریدەخەن هاوپەیمانێتییەکەی ناتانیاهۆ زۆر لە بەدەستهێنانی زۆرینەی پەرلەمانی دوورە. هەرسێ راپرسییەکە پێشبینییان کردووە هاوپەیمانێتییەکەی تەنیا 50 کورسی لە کۆی 120 کورسیی کنێست بەدەست بهێنێت، 17 کورسی کەمترە لەو ژمارەیەی ئێستا هەیەتی. پێشبینیدەکرێت ژمارەی کورسییەکانی پارتی لیکود لە 32 کورسییەوە بۆ 20 کورسی دابەزێت.
لە بەرامبەردا، راپرسییەکان پێشبینی دەکەن هاوپەیمانێتیی ئۆپۆزسیۆن بە سەرۆکایەتیی غادی ئایزەنکۆت، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپا 52 بۆ 56 کورسی بەدەست بهێنێت، لە کاتێکدا دوو پارتی عەرەبیی ئیسرائیلی 14 بۆ 16 کورسی بەدەست دەهێنن. کەناڵی 11ـی ئیسرائیلیش پێشبینیی کردووە پارتێکی نوێی یەدەگ پەیوەندی بە هیچ کام لە بلۆکەکانەوە نییە، چوار کورسی بەدەست بهێنێت. تەنیا کەناڵی 14 نزیکە لە ناتانیاهۆ پێشبینیی کردووە بلۆکەکەی ناتانیاهۆ 60 کورسی و لیکود 30 کورسی بەدەست بهێنن.
بەرپرسێکی ئەمریکی پاڵپشتیی ترەمپ بۆ ناتانیاهۆ بە دۆخێکی براوە بۆ سەرۆکی ئەمریکا وەسف دەکات، بێ ئەوەی گرنگ بێت ئەنجامەکە چی دەبێت. ئەگەر ناتانیاهۆ سەربکەوێت یان وەک سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەر بمێنێتەوە، ترەمپ دەتوانێت شانازیی بەوەوە بکات سیاسییانە رزگاری کردووە و ئەو بابەتە وەک گوشارێک بەکاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر. ئەگەر ناتانیاهۆ شکیش بهێنێت و رکابەرەکانی حکوومەت پێکبهێنن، سەرکردە نوێیەکان هێشتا حەز دەکەن پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ترەمپ هەبێت و پاڵپشتیی پێشووی ترەمپ بۆ رکابەرەکەیان، کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لە راوێژکارانی ترەمپ پێیان وایە ئەگەر حکوومەتێکی ئیسرائیلی بە سەرۆکایەتیی کەسێکی دیکە پێکبێت، ئەوە دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ئەوەی ئەجێنداکەی ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێش بخەن.