بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکان هەماهەنگییەکانیان فراوان دەکەن

وەزیری دەرەوەی عێراق و بریکاری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوە، و تاوتوێی هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکانیان کرد، هاوکات وەزیری دەرەوەی عێراق، ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەشداریی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزی دووپاتکردەوە.

یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە بەغدا پێشوازی لە جان پیێر لاکروا، بریکاری سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئاشتی کرد. لەو دیدارەدا هەردوولا تاوتوێی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و پەرەپێدانی بەشداریی عێراقیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیدا کرد.

فوئاد حوسێن جەختیدەکاتەوە لە خواستی عێراق بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێی هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەوەش دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ یارمەتیدانی عێراق (یونامی)، بە جۆرێک رۆڵی عێراق لە پشتگیریکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بەهێز بکات.

وەزیری دەرەوەی عێراق روونیکردەوە، عێراق بایەخ بە پەرەپێدانی بەشدارییەکەی لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئاشتیپارێزیدا دەدات، تا سوود لە ئەزموونی سەربازی و ئەمنیی عێراق وەربگیرێت لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و مامەڵەکردن لەگەڵ مین و پاشماوەی جەنگدا.

فوئاد حوسێن پێشنیازی ئامادەکردنی نەخشەڕێگەیەکی هاوبەش و ناردنی تیمی تەکنیکیی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ بەغدا کرد، تا تواناکان هەڵسەنگێنن و بوارەکانی هاوکاری و مەشق و راهێنان و بونیاتنانی توانا دیاری بکەن.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فوئاد حوسێن جەختیدەکاتەوە لە گرنگیی فراوانکردنی بەشداریی تواناکانی عێراق لە نێردە و بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. هاوکات داوایکرد، لێکۆڵینەوە لە ئەگەری پەرەپێدانی دامەزراوەیەکی مەشق و راهێنانی عێراقی بکرێت، بۆ ئەوەی ببێتە ناوەندێکی هەرێمی بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و مەشقکردن لە بوارەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنەکانی پاراستنی ئاشتیدا.