حووسییەکان بە مووشەکی بالیستی هێرشیان کردە سەر سعوودیە

 حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، سێ هێرشی مووشەکیی بالیستییان بۆ سەر خاکی سعوودیە کردووە، هاوکات هێرشەکان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مەلیک خالید لە ریاز، بنکەیەکی ئاسمانی لە خەمیس مشەیت و بنکەیەکی دەریایی لە جازانی باشووری سعوودیەیان کردووەتە ئامانج.

یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، حووسییەکانی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، دەیان مووشەکی بالیستییان لە هێرشەکاندا بەکارهێناوە و، ئامانجەکانیان لە هەرسێ پێگەدا پێکاوە. روونیشیانکردەوە، هێرشەکەی سەر بنکەی ئاسمانیی خەمیس مشەیت، گەراجی فڕۆکەکان، کۆگاکانی تەقەمەنی و ناوەندەکانی کۆنترۆڵی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی کردووەتە ئامانج. هەروەها لە هێرشەکەی سەر بنکەی دەریایی سەر بە پاسەوانی کەناراوەکان لە جازان، ژمارەیەک سەربازی سعوودی کوژراون و بریندار بوون.

حووسییەکان هێرشەکانیان وەک وەڵامێک بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی سعوودیە لێکدایەوە، سەنعا و ناوچەکانی دیکەیان کردووەتە ئامانج و بەهۆیانەوە ژمارەیەک هاووڵاتی کوژراون و بریندار بوون، ژن و منداڵیشیان لەنێودایە.

لەم بەرامبەردا، بەرگریی مەدەنیی سعوودیە ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، هاووڵاتییەکی سعوودی و نیشتەجێیەکی ئاسیایی بەهۆی کەوتنی پارچەی دوو مووشەکی بالیستییەوە بریندار بوون، کە حووسییەکان ئاراستەیان کردبوون و پێش ئەوەی بەر ئامانجەکان بکەون، تێکشکێندراون.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی سعوودیە "واس"، بەرگریی مەدەنیی سعوودیە روونیکردەوە، پارچەکان لە پارێزگاکانی خەمیس مشەیت و ئەحەد روفەیدە کەوتوونەتە خوارەوە و بوونەتە هۆی زیان گەیاندن بە سێ باڵەخانەی نیشتەجێبوون و حەوت ئۆتۆمبێل.