ناتانیاهۆ: دووبارە هێرش دەکەینەوە سەر ئێران
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەختیکردەوە، ئیسرائیل پلانی هەیە بۆ دووبارە هێرشکردنە سەر ئێران. میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، ناتانیاهۆ دەیەوێت ئەو هێرشە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بکرێت.
یەکشەممە 25ـی تشرینی یەکەمی 2026، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی گوتی: "دووبارە هێرش دەکەینە سەر ئێران."
هاوکات، کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی باسی لە هەبوونی ناکۆکی لە نێوان ناتانیاهۆ و ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کردووە سەبارەت بە هێرشکردن پێش هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە بڕیارە سێشەممەی داهاتوو بەڕێوەبچێت.
کەناڵەکە ئاشکرایکرد، ئیال زامیر داوای راوێژکاریی ورد و بەدەستهێنانی بەڵگەنامەی واژۆکراو لە ئاستی سیاسی کردووە بەرلەوەی هەر هێرشێک دژی ئێران بکرێت.
ئەم پێشهاتانە لەکاتێکدان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمشەو هیچ هێرشێک ناکاتە سەر ئێران.
ترەمپ لە بەرنامەیەکی تۆڕی فۆکس نیوز سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران گوتی: "تاکە پرسیار ئەوەیە ئایا رێککەوتنێکیان لەگەڵ مۆر دەکەم یان بە یەکجاری لەناویان دەبەم." سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ویلایەتە یەکگرتووەکان زانیاریی تەواوی لەبارەی ئەوە هەیە کە لە "چیای تەوەر" لە ئێران روودەدات.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو: "دوو هەڵسەنگاندنی جیاوازم لەبارەی زانیارییە هەواڵگرییەکان لەسەر ئێران هەیە." ترەمپ رایگەیاند، کە پێشکەوتنی باش لە مامەڵەکردن لەگەڵ تاران بەدەستهاتووە.