ئەمڕۆ وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت

بەگوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە کۆتایی دەوامی ئەمڕۆدا، پرۆسەی وردبینیی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، سەرچاوەکە ئەوەی خستەڕوو، پرۆسەی وردبینییەکە لە رۆژانی دوێنێ و ئەمڕۆوە دەستی پێکردووە و هیچ گرفتێکی هونەری لەبەردەم پرۆسەکەدا نییە. وەک ئەوەی لە مانگەکانی رابردوودا جێبەجێ کراوە، ئالییەتی وردبینییەکە بە سەرکەوتوویی بەڕێوەچووە. 

دوای تەواوبوونی پرۆسەکە، لیستی مووچەی مانگی 10 رادەستی بەشی بودجە لە وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت. چاوەڕوان دەکرێت دواتر فالح ساری ئاماژەی پێویست بۆ خەرجکردنی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات.

هاوکات، پرۆسەی دابەشکردنی مووچە لە عێراق بە خێرایی بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا وەزارەتەکانی نەوت، دارایی، پەیوەندییەکان، ناوخۆ، بەرگریی، هەروەها دەستەی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق مووچەکانیان وەرگرتووە. 

سەرچاوەکە ئەوەشی خستەڕوو، بڕە پارەی پێویست خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی پەروەردە. ئێستا تەنیا چەند وەزارەتێکی کەم ماون کە مووچەیان وەرنەگرتووە، لەنێویاندا وەزارەتەکانی تەندروستی و ناوخۆ کە ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەریان هەیە. 

بە گوتەی چەند سەرچاوەیەک، وەزارەتی دارایی عێراق هەوڵ دەدات پرۆسەی تەمویلکردن خێراتر بکات. بڕیارە دوای تەواوبوونی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی عێراق، راستەوخۆ دەست بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت.