دەستەی راگەیاندن و کۆرەک تیلیکۆم لە رێگەی کوردستان24ـەوە وەڵامی یەکتر دەدەنەوە

دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق دوو مەرجی تووند بۆ ئاساییکردنەوەی کارەکانی کۆرەک دادەنێت، لە بەرانبەردا بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیاکە تەواوی تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و ئاشکرای دەکات، کێشەکە بە سیاسی کراوە.


لە دوو هەڤپەیڤینی جیاواز و ورددا لەگەڵ کۆڤان عیززەت، پێشکەشکاری گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 12:00ـی کوردستان24، هەریەک لە بەلیغ ئەبو گلەل، سەرۆکی دەستەی راگەیاندن و گەیاندنی عێراق و مازن سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆمپانیای کۆرەک تیلیکۆم، تەواوی وردەکارییەکان و دیوە شاراوەکانی کێشەی نێوان دەستەکە و کۆمپانیاکەیان خستەڕوو.

پرسی قەرزەکان و خزمەتگوزاریی 4G

لەبارەی قەرزەکانی سەر کۆمپانیاکە، بەلیغ ئەبو گلەل ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2025 لەگەڵ کۆمپانیای کۆرەک گەیشتوونەتە گرێبەستێکی یەکلاکردنەوە، واتا تا  بە شێوەیەکی یەکجاری کۆتایی بە کێشەی نێوانیان بهێنن.

ئەو، روونیکردەوە، لەو رێککەوتنەدا کۆمپانیای کۆڕەک دانی بەوەدا ناوە نزیکەی دوو تریلیۆن دینار قەرزاری دەستەکەیە، جگە لەوەی وەزارەتی دارایی عێراقیش بڕی دوو تریلیۆن و 500 ملیار دینار وەک باج و شایستەی دارایی لە کۆرەک دەوێت.

 سەرۆکی دەستەکە دوو مەرجی سەرەکیی خستەڕوو بۆ کاراکردنەوەی کۆڕەک و پێدانی خزمەتگوزاریی 4G و گوتی، دەبێت کۆرەک نووسراوی ئەستۆپاکی لە وەزارەتی دارایی فیدراڵییەوە بهێنێت و قیستی یەکەمی قەرزەکانی دەستەکە بداتەوە کە بڕەکەی 500 ملیار دینارە.

لە وەڵامی ئەمەدا، مازن سیروان بارزانی روونیکردەوە، ئەوان وەک کۆمپانیا بەتەواوی ئامادە بوون پابەندی رێککەوتنەکە بن و قیستی یەکەمی قەرزەکە بدەن، بەڵام دەستەی راگەیاندن کێشەی بۆ دروست کردوون.

 بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆرەک باسی لەوە کرد، بەپێی رێککەوتنەکە دەبوو هاوکات لەگەڵ پێدانی قیستی یەکەم، دەستەی راگەیاندن رێگە بە کاراکردنی خزمەتگوزاریی 4G بۆ کۆرەک بدات، چونکە بێ ئەو خزمەتگوزارییە کۆمپانیا ناتوانێت کێبڕکێ بکات؛ بەڵام دەستەی راگەیاندن رایگەیاندووە دوای وەرگرتنی پارەکە، تازە دەست دەکەن بە رێکارەکان و ئەمەش مانگێکی پێدەچێت. 

بارزانی گوتی، "ئێمە گوتمان پارەکە ئامادەیە و لە بانکە، با هەردوو کارەکە بەیەکەوە و لە یەک کاتدا بکرێت، بەڵام دەستەی راگەیاندن ئەمەی رەتکردەوە و بیانووی هێنایەوە، بۆیە ئێمە متمانەمان پێیان نەما."

پرسی باج لە نێوان هەولێر و بەغدا

سەبارەت بە مەرجی هێنانی ئەستۆپاکی لە بەغداوە، مازن سیروان بارزانی ئاشکرای کرد، ئەمە کێشەیەکی گەورەی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵییە. روونی کردەوە، کۆرەک لە ساڵی 2007 تاوەکو ساڵی 2019 باجی داوەتە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێمیش بە نووسراوی فەرمی ئەمەی بە بەغدا راگەیاندووە، بەڵام بەغدا پێداگری دەکات دەبێت بۆ ئەو ساڵانە جارێکی دیکە باج بدەنەوە، ئەمەش دەبێتە دووجار باجدان. 

ئەو، باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2019ـەوە بەپێی یاسای بودجە بەردەوام باج دەدەنە بەغدا، تەنانەت چوونەتە دادگای فیدراڵیش و دادگا بڕیاری داوە نابێت کۆمپانیا دوو جار باج بدات، بەڵام دەستەی راگەیاندن و وەزارەتی دارایی عێراق بڕیارەکەی دادگا جێبەجێ ناکەن.

لەلایەکی دیکەوە، مازن سیروان بارزانی پەردەی لەسەر باجێکی دیکە لادا پەیوەندیی بە سەردەمی شەڕی داعشەوە هەیە. ئاشکرای کرد، لە ساڵی 2015 پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا باجێکی 20% بخاتە سەر کارتەکانی مۆبایل بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حەشدی شەعبی. 

بەلیغ ئەبو گلەل رەتیکردەوە پەنا بۆ هیچ دادگایەکی دەرەوەی فیدراڵی ببرێت و رایگەیاند، لە حکوومەتی فیدراڵیدا تاکە لایەن بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان (ئەنجوومەنی تانەدان)ـە سەر بە ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە. جەختی کردەوە بڕیارەکانی دەرەوەی ئەم ئەنجوومەنە، بەتایبەتی بڕیاری دادگاکانی هەرێمی کوردستان بێ کاریگەرن.

لە بەرانبەردا مازن سیروان بارزانی رەخنەی تووندی گرت و رایگەیاند، ئەنجوومەنی تانەدان بەشێکە لە خودی دەستەی راگەیاندن و لە ناو بینای دەستەکەدایە و مووچە لەوان وەردەگرن، بۆیە مەعقوول نییە دادپەروەر بێت. ئەو، گوتی، "تۆ هەم نەیاری منی و هەم حاکمیشی، ئەمە لە هیچ یاسایەکدا جێگەی نابێتەوە. ئێمە داوا دەکەین بچینە دادگایەکی بێلایەن، بەڵام ئەوان نایەڵن." 

باسی لەوەش کرد، لە ساڵی 2007 کۆرەک کۆدی (0790)ـی کڕیوە، بەڵام دەستەکە لێی سەندوونەتەوە و داویەتی بە زەین. لە ساڵی 2015 کۆرەک لە دادگای بەغدا سکاڵای بردەوە بۆ ئەوەی دەستەکە قەرەبوویان بکاتەوە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ بڕیارەکەی دادگا جێبەجێ نەکراوە.

پرسی گۆڕینی کارگێڕیی و دادگای نێودەوڵەتی

سەرۆکی دەستەی راگەیاندن داوای گۆڕینی دەستەی کارگێڕیی کۆمپانیای کۆرەکی کرد و پێی وابوو کارگێڕییەکەی ئێستا هۆکاری چارەسەرنەبوونی کێشەکەیە. هەروەها ئاشکرای کرد، کۆرەک لە دەرەوە بڕی ملیارێک و 300 ملیۆن دۆلار قەرزاری هەردوو کۆمپانیای (ئۆرەنج) و (ئەجیلیتی)ـیە، بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردنی کۆرەکەوە دەستەی راگەیاندن بانگهێشتنامەیەکی لە دادگای لەندەن بۆ هاتووە و رەنگە لەم کەیسەدا دەستەکە لە نێوان 800 ملیۆن بۆ یەک ملیار دۆلار زەرەر بکات.

ئەم داواکارییە بە تووندی لە لایەن بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆرەکەوە رەتکرایەوە و جەختی کردەوە، دەستەی راگەیاندن مافی یاسایی نییە داوای گۆڕینی بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیایەکی تایبەت بکات.

 مازن باسی لەوە کرد، پێشتر دەستەی راگەیاندن سەرپەرشتیارێکی هێنایە ناو کۆرەک بۆ چاودێریکردن، بەڵام ئەو کەسە کێشەی گەورەی لە نێوان ئەوان و هاوبەشە بیانییەکان (ئۆرەنج و ئەجیلیتی) دروست کرد و پەیوەندییەکانی تێکدا، بۆیە بە هیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەن کەسێک لە دەرەوە بێتە ناو ئیدارەی کۆمپانیاکەیانەوە.

هۆشدارییەکان و تەکنەلۆژیای نوێ

 بەلیغ ئەبو گلەل بانگهێشتی بەشداربووانی کۆرەکی کرد ژمارەکانیان بپارێزن و بیانگۆڕن بۆ سەر کۆمپانیای زەین یان ئاسیاسێڵ. هەروەها هۆشدارییەکی تووندی دا و گوتی، جگە لە کۆرەک، سەرجەم ئەو کۆمپانیایانەی ئینتەرنێت لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن لە لایەن دەستەکەوە بێ مۆڵەتن و سزای داراییان بەسەردا سەپێنراوە بڕەکەی دەگاتە نزیکەی 50 ملیۆن دۆلار. لەم سۆنگەیەوە داوای لە وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان کرد رێگە بە فراوانبوونی ئاسیاسێڵ و زەین بدات و ستافەکانی دەستەی راگەیاندن بچنە ناوچەکە.

لەسەر پرسە تەکنەلۆژییەکان، سەرۆکی دەستەکە رایگەیاند، کۆمپانیای ئەپڵ بە فەرمی هاتووەتە ناو بازاڕی عێراقەوە و ئێستا دانوستان دەکەن بۆ خستنەگەڕی خزمەتگوزاریی ئەپڵ پەی. هاوکات باسی لەوە کرد، بڕیارە لە ساڵی 2027 گفتوگۆکانی تایبەت بە نەوەی پێنجەمی ئینتەرنێت (5G) دەست پێبکەن. رەتیشیکردەوە تاوەکو ئێستا بڕیاری داخستنی ئەپڵیکەیشنی (وەیز)ـیان دابێت.