لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشت دەکات

لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا، وەزیری دارایی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بانگهێشتی پەرلەمان بکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی تەمویلکردنی بودجە و دۆزینەوەی میکانیزمی نوێ بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، عودەی عەواد، سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لیژنەکەیان لە میانی میوانداریکردنی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەکاندا، بە وردی پرسی لێخۆشبوونی گومرگی و ئەو بەفیڕۆچوونەی لە داهاتە نانەوتییەکاندا دروست دەبێت لەگەڵ کاریگەرییەکانی لەسەر نرخی ئاڵوگۆڕی دراو تاوتوێ کردووە.

سەرۆکی لیژنەی دارایی جەختی لەوەش کردەوە "لێخۆشبوونی گومرگی بۆ هەندێک ماددە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانای تەمویلکردنی بودجە، بۆیە پێویستە کار لەسەر دۆزینەوەی میکانیزم و سەرچاوەی جێگرەوە بکرێت بۆ تەمویلکردنی بودجەی گشتی."

هاوکات روونیشیکردەوە، لەسەر ئەم بنەمایە لیژنەکەیان بڕیاریداوە لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و وەزیری دارایی کۆببێتەوە، بۆ ئەوەی رێگەچارەی پێویست بۆ بەردەوامیی تەمویلکردنی بودجە و پاراستنی داهاتە گشتییەکان بدۆزرێتەوە.