ئەو کەسەی خۆی وەک "بێخاڵ" ناساندبوو پیاو دەرچوو و دەستگیر کرا

پۆلیسی گەرمیان دەستگیرکردنی دوو تۆمەتباری راگەیاند، کە یەکێکیان لە رێگەی هەژمارێکی ساختەی فەیسبووک و بە ناوی ئافرەتەوە فێڵی لە پیاوان کردووە و لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی وێنە و ڤیدیۆکانیان، پارەی لێ سەندوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی تشرینی یەکەمی 2026، سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان رایگەیاند، لە شارۆچکەی کەلار کەسێک بەپێی ماددەی (2) لە یاسای خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لەلایەن بەشی نەهێشتنی تاوانی گەرمیانەوە دەستگیر کراوە.

گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان کاتدا نووسینگەی نەهێشتنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان، تۆمەتبارێکی دیکەیان دەستگیر کردووە کە دانیشتووی شارۆچکەی هەریرە و بەپێی ماددەی (430) لە یاسای سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.

دەربارەی شێوازی تاوانەکەی تۆمەتباری دووەم، پۆلیس روونی کردەوە، ناوبراو لە رێگەی هەژمارێکی ساختەی فەیسبووک بە ناوی (Bexall Jamal) خۆی وەک ئافرەت ناساندووە و پیاوانی هەڵخەڵەتاندووە، پاشان هەڕەشەی لێ کردوون و لە بەرامبەر سڕینەوەی گرتە ڤیدیۆیی و وێنەکانیان داوای پارەی لێ کردوون و بەو شێوازەش پارەی لە چەندین هاووڵاتی وەرگرتووە.

پۆلیسی گەرمیان دەشڵێت "تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، پۆلیسی گەرمیان داوا لە سەرجەم هاووڵاتییانی سنوورەکە دەکات کە هەر کەسێک لەلایەن ئەو هەژمارەی فەیسبووکەوە هەڵخەڵەتێنراوە یان هەڕەشەی لێ کراوە، سەردانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان بکات بە مەبەستی تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی.