پاکستان هۆشداری لە تێکدانی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەدات

سوپای پاکستان لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێوان ئێران و ئەمریکا ئاماژەی ئەرێنیی بەدی کردووە و رایدەگەیەنێت بە وریاییەوە گەشبینن بە ئەگەری کەمکردنەوەی گرژییەکان. هاوکات سوپا هۆشداری دەدات لە بوونی ئەو لایەنانەی هەوڵی تێکدانی رێچکە دیپلۆماسییەکان دەدەن.

هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، ئەحمەد شەریف چودری، گوتەبێژی سوپای پاکستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆیتەرز گوتی: دوو سەردانەکەی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان بۆ تاران لە مانگی ئەیلوولدا، نیشاندەری بوونی ئەرێنییە لە دانوستانەکاندا. چودری جەختیکردەوە، ئەو دەستەواژەیەی دامەزراوەی سەربازی بۆ وەسفی دۆخەکە بەکاری دەهێنێت، گەشبینیی وریایانەیە و ئاماژەی بەوە کرد، سەردانەکانی مونیر بەبێ بوونی ئەرێنی لە دانوستانەکاندا ئەنجام نەدراون.

گوتەبێژی سوپای پاکستان هۆشداری دا لە بوونی لایەنی بەهێز کە هەوڵی تێکدان و ئاستەنگ دروستکردن دەدەن، چونکە پێیانوایە بەردەوامیی ململانێکان لە بەرژەوەندیی ئەواندایە، بەڵام ناوی ئەو لایەنانەی ئاشکرا نەکرد. چودری خۆی لە ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی دانوستانەکان یان روونکردنەوەی ئەوەی ئایا ئەمریکا پشتگیریی سەردانەکەی شاندی پاکستانی بۆ ئێرانی کردووە، بەدوور گرت.

مونیر رۆڵی نێوەندگیریی سەرەکیی پاکستان لە هەوڵەکانی کەمکردنەوەی گرژییەکانی جەنگی ئێران دەگێڕێت کە 8 مانگە بەردەوامە. ئەو لەم مانگەدا دوو جار سەردانی تارانی کردووە و دوایین سەردانیان دووشەممەی رابردوو بووە، بە یاوەری خالید بن سەلمان، وەزیری بەرگریی سعوودیە و ئیبراهیم کالین، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا.

ئەم چاوپێکەوتنە تیشکی خستە سەر رێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی مەککە، کە پاکستان و سعوودیە و تورکیا لە 7ـی ئاب واژۆیان کردووە و بەپێی رێککەوتنەکە، هەر هێرشێک بۆ سەر یەکێک لە وڵاتانی واژۆکەر، وەک هێرش بۆ سەر هەموویان ئەژمار دەکرێت. چودری لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری بەشداریکردنی ئێران لە رێککەوتنەکەدا رایگەیاند، دەقی رێککەوتنەکە رێگری لە وەرگرتنی ئەندامی نوێ ناکات.

چودری گوتی: هەر لایەنێک دیدگایەکی هاوبەشی هەبێت بۆ بەرگریی بەکۆمەڵ و ئاشتی لە ناوچەکەدا، پێویستە ببێتە ئەندام. ئەو روونیکردەوە بڕیاردان لەو بارەیەوە دەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتییە سیاسییەکانی ئەو سێ وڵاتە، بەبێ ئەوەی باسی هیچ دانوستان یان رێککەوتنێک بۆ بەشداریکردنی تاران بکرێت.

موحسین رەزایی، ئەمینی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، دوای دانوستانەکانی دووشەممە جەختیکردبووەوە کە دەبێت ئاسایشی ناوچەکە لەلایەن وڵاتانی خۆیانەوە مسۆگەر بکرێت بەبێ دەستتێوەردانی دەرەکی. سەبارەت بە ئەگەری ناردنی هێزی زیاتری پاکستان بۆ سعوودیە، چودری روونیکردەوە ئەو بابەتە بەندە بە گۆڕانکارییەکانی دۆخەکە و بڕیاری سەرکردایەتییە سیاسییەکانی هەردوو وڵاتەوە.

چودری پابەندیی وڵاتەکەی بۆ بەرگرییکردن لە سعوودیە و شوێنە پیرۆزەکانی مەککە و مەدینە دووپاتکردەوە، بەڵام جەختیکردەوە پاکستان لایەنێک نییە لە ململانێکانی یەمەن. چودری گوتی: ئێمە لایەنێک نین لە ململانێکانی یەمەن، چونکە ئەو ململانێیەکی ناوخۆییە لەنێوان یەمەنییەکاندا. ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە شەڕ لەنێوان سعوودیە و گرووپی حوسییەکان کە هاوپەیمانی ئێرانن نوێبووەتەوە و نیگەرانی هەیە لە فراوانبوونی مەودای پێکدادانەکان لە ناوچەکەدا.