مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک و گەرمیان: کوردستان24 مۆدێلێکی پێشکەوتووی لە میدیای کوردی پێشکەشکردووە
مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی 11هەمین ساڵیادی دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزباییان ئاراستەی سەرپەرشتیاری گشتی و کارمەندانی ئەو دامەزراوەیە کرد.
ئەمرۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە پەیامەکەدا هاتووە: "بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کەناڵە نیشتمانی و پێشەنگەکەتاندا، بەناوی مەکتەبی رێکخستنی پارێزگای کەرکووک و گەرمیان - خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەر و سەرجەم میدیاکاران، تەکنیکاران و ستافی هاوکارانتان دەکەین".
مەکتەبی رێکخستنی پارتی لە کەرکووک و گەرمیان - خانەقین روونیکردەوە: "کەناڵی ئاسمانی کوردستان24 لە ماوەی تەمەنی خۆیدا، توانیویەتی مۆدێلێکی نوێ و پێشکەوتوو لە میدیای کوردی پێشکەش بکات و بە شێوازێکی نیشتمانپەروەرانە لەگەڵ داب و نەریت و کولتووری کوردەواری، جێگای خۆی لە دڵی بینەران بکاتەوە".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە: "پێزانینی زۆرمان هەیە بۆ ئەو رۆڵە دیار و کاریگەرەی کەناڵەکەتان لە ناوچەکانی کەرکووک و گەرمیان و خانەقین گێڕاویەتی لە رووماڵکردنی رووداوەکان و گەیاندنی دەنگی هاووڵاتیان و گرنگیدان بە ناسنامە و مێژووی ئەم ناوچانە بە شێوازێکی پیشەیی و نیشتمانی".
لەکۆتایی پەیامەکەدا، مەکتەبی رێکخستنی پارتی هیوای گەشەکردن و سەرکەوتنی زیاتری بۆ ستافی کوردستان24 خواستووە لە ساڵی نوێی کارکردنیاندا، بەو هیوایەی هەمیشە وەک سەکۆیەکی رەسەن و کاریگەر بۆ گەیاندنی راستییەکان و خزمەتکردن بە دۆزی رەوای گەلی کورد بەردەوام بن.
دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، 11 ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و بە زمانی کوردی و پێنج زمانی زیندووی جیهانی، بووە سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان.
هەروا لە پێنانە نێو 12هەمین ساڵی کارکردنیدا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ دەکاتەوە؛ لەوانە پێشخستنی ڕاستیی هەواڵ بەسەر خێراییدا، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان لەبری ورووژاندن، بەخشینی ئومێد و پاراستنی ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، لەگەڵ مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بۆ رێگری لە چەواشەکاری. هاوکات لەسەر ئەم بنەمایانە، هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنجدا دەنێت بێ سازشکردن لەسەر بەها نیشتمانی و پیشەییەکان.