میری ئێزیدییان ستایشی رۆڵی پیشەیی کوردستان24 دەکات
میری ئایینی ئێزیدیان بە بۆنەی 11ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24، پیرۆزبایی لەم دەزگا میدیاییە دەکات و هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ ستافەکەی لە جێبەجێکردنی ئەرکە پیشەیی و مرۆییەکانیان دەخوازێت.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تسرینی یەکەمی 2026، میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزیدییان لە عێراق و جیهان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "لە رێڕەوی کارکردنی کوردستان24 دا، کۆمەڵگەی ئێزیدی و پرسەکانیان پێگەیەکی گرنگیان هەبووە، بەتایبەت لەو قۆناخە سەختانەی بەسەر گەلی ئێزیدیدا هات".
میر حازم روونیکردەوە، کوردستان24 رۆڵی بەرچاوی لە گواستنەوەی ئازارەکان و تیشکخستنە سەر ئەو جەنگی قڕکردنەی بەرۆکی ئێزیدییەکانی گرت، هەروەها گەیاندنی دەنگی رزگاربووان و ئاوارەکان و ناساندنی مەینەتییەکانی گەلی ئێزیدی بە جیهان هەبووە.
میر حازم تەحسین بەگ لە درێژەی پەیامەکەیدا جەختیکردەوە: "ئێمە ئەم رۆڵە راگەیاندن و مرۆییە بەرز دەنرخێنین و شانازی بە هەر هەوڵێکەوە دەکەین کە بەشداریی کردبێت لە گەیاندنی راستییەکان و داکۆکیکردن لە پرسە مرۆییەکان".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، میری ئێزیدییان هیوای خواست کوردستان24 لە رێچکە پیشەییەکەی بەردەوام بێت و وەک مینبەرێک بۆ دەنگهێنانی سەرجەم پێکهاتەکان، بەتایبەت کۆمەڵگەی ئێزیدی و پرس و ماف و خواستەکانیان بمێنێتەوە.