فازڵ میرانی: کوردستان24 سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی راگەیاندنە بۆ گواستنەوەی رووداوەکان

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، وێڕای دەستخۆشی لە ستاف و کارمەندانی کەناڵەکە، ستایشی رۆڵی نیشتمانی و پێشەنگیی کوردستان24 دەکات لە رووماڵکردنی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و گەیاندنی ئازایەتی و قوربانیدانی پێشمەرگە بە هەموو جیهان.

شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پەخشی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی، ستاف و سەرجەم کارمەندانی کەناڵەکە کرد و هیوای بەردەوامی و گەشەسەندنی زیاتری بۆ خواستن.

لە پەیامەکەیدا فازڵ میرانی سەرنج خستووەتە سەر قۆناخی هەستیاری سەرهەڵدانی کەناڵەکە و ڕایگەیاندووە: کوردستان24، 11 ساڵ لەمەوبەر لە کاتی سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و رۆڵێکی نیشتمانی و پیشەیی بەرچاوی لە رووماڵکردنی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش و نیشاندانی گیانفیدایی و قوربانیدانی پێشمەرگە قارەمانەکانمان بە جیهان بینی."

بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی جەختی لەوەش کردووەتەوە لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا وەک دامەزراوەیەکی میدیایی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوی دیاری راگەیاندن بۆ گواستنەوەی هەواڵ و رووداوەکانی کوردستان بەتایبەتی و عێراق و جیهان بە گشتی بووە و، کار دەکات کە بە شێوازێکی پیشەیی و راستگۆیانە و بە بەرپرسیاریەتییەوە پەیامی ڕاستەقینەی گەلی کوردستان بگەینێت. 

فازڵ میرانی هەوڵ و ماندووبوونی کادیر و رۆژنامەنووسانی کەناڵەکەی بەرز نرخاندووە و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ کاروانی راگەیاندنی کوردستان24 خواستووە.