دلۆڤان محەممەد: کوردستان24 رۆڵێکی دیاری لە بڵاوکردنەوەی رێنماییە تەندروستییەکاندا هەبووە
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بەبۆنەی یازدەهەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24 پیرۆزبایی لە ستافی کەناڵەکە کرد؛ ناوبراو ستایشی رۆڵی ئەم دامەزراوەیەی کرد لە هۆشیارکردنەوەی تەندروستیی هاووڵاتییان و گواستنەوەی راستگۆیانەی رووداوەکان.
شەممە 31ی تشرینی یەکەمی 2026، دلۆڤان محەممەد فاتح جەلال، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە بۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، پەیامێکی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی، سەرجەم رۆژنامەنووسان و کارمەندانی کەناڵەکە کردووە و تێیدا ئاماژەی داوە، بە دڵێکی پڕ لە خۆشی و رێزەوە، پیرۆزبایی گەرم و گەورەتان ئاراستە دەکەم و هیوای بەردەوامی، گەشەسەندن و زیاترین سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
لە پەیامەکەدا هاتووە، کەناڵی کوردستان24 لە ماوەی یازدە ساڵی رابردوودا، وەک دامەزراوەیەکی میدیایی خاوەن پرەنسیپ و پێوەرە پیشەییەکان، توانیویەتی بە پابەندبوون بە بنەماکانی راستگۆیی، بەرپرسیارێتی و پیشەییبوون، رۆڵێکی گرنگ لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاری و گواستنەوەی رووداوەکاندا بگێڕێت و ببێتە یەکێک لە سەرچاوە میدیاییە متمانەپێکراوەکان.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر دەشڵێت: لە چوارچێوەی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان دامەزراوە میدیاییەکان و دامەزراوە تەندروستییەکاندا، کەناڵی کوردستان24 رۆڵێکی بەرچاوی لە بڵاوکردنەوەی پەیام و رێنماییە تەندروستییەکان، هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان و بەشداری لە هەڵمەتی رۆژە جیهانییە تەندروستییەکاندا هەبووە؛ ئەمەش بەشێکی گرنگە لە خزمەتکردنی کۆمەڵگا و پاراستنی تەندروستی گشتی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لەوە کراوە، لەم بۆنەیەدا، دەستی هەموو ئەو رۆژنامەنووس و کارمەندە بەڕێز و ماندووبووانە دەکۆشین کە بە هەوڵ و تێکۆشانی بەردەوامیان، بەردەوامی و سەرکەوتنی ئەم دامەزراوە میدیاییەیان مسۆگەر کردووە.
دلۆڤان محەممەد فاتح جەلال هیوادارە ئەم ساڵیادە ببێتە دەستپێکی قۆناخێکی نوێی پڕ لە بەرهەمهێنان، داهێنان و سەرکەوتنی گەورەتر، و کەناڵی کوردستان24 هەمیشە سەرچاوەیەکی متمانەپێکراو بێت لە خزمەتی راستی، زانیاری و بەرژەوەندیی گشتی.
11 ساڵ لەمەوبەر، دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە وێستگەیەکی مێژوویی و چارەنووسسازدا دەستی بە کارەکانی کرد و هاتە نێو گۆڕەپانی رۆژنامەگەریی کوردییەوە. ئەو کاتەی گەلی کوردستان و هێزی پێشمەرگە لە جەنگێکی سەختدا دژی داعش وەستابوونەوە، کوردستان24 چووە سەنگەری بەرگری و بووە قەڵغانی پاراستنی خاک، مرۆڤ و سامانی نیشتمانیی کوردستان.