موجتەبا خامنەیی: ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر خۆمان کاتی کۆتاییهاتنی جەنگ دیاری دەکەین
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران هۆشداریی توندی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و رایگەیاند، لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێکی نوێدا، هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێران کات و مەرجەکانی کۆتاییهاتنی جەنگەکە دیاری دەکەن؛ ئەم هەڵوێستەش هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە قەیرانی دارایی تاران و تەواوبوونی ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ گورزوەشاندن.
شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، "ئەگەر دوژمنان جارێکی دیکە پەنا بۆ هێرشی سەربازی یاخود تیرۆریستی ببەن، ئەوا هێزە چەکدارەکان و گەلی ئێران خۆیان کات و مەرجەکانی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە دەسەپێنن."
هاوکات لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندە باڵا سەربازییەکانی وڵاتەکەیدا، رێبەری باڵای ئێران فەرمانی داوە کە رووبەڕووبوونەوەی هەر جۆرە هەڕەشەیەک دەبێت بە شێوەیەکی دەستبەجێ، کاریگەر و "بەبێ هیچ سنوورێکی جوگرافی" ئەنجام بدرێت.
هاوکات عەلی عەبدوڵڵاهی سەرۆکی دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکانی وڵاتەکەی، سەرنجی خستە سەر ئامادەباشیی سەربازیی وڵاتەکەی لە ئەگەری سەرهەڵدانی خولێکی نوێی جەنگ لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.
عەلی عەبدوڵڵاهی ڕایگەیاند: لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ڕێبەری باڵادا، وەڵامی ئێمە بۆ هەر دەستدرێژییەک بە هێزێکی زەبەلاح و وێرانکەر دەبێت کە هیچ سنوورێکی جوگرافی نایبەستێتەوە. ئەمریکا و ئیسرائیل ڕووبەڕووی لێدانێک دەبنەوە کە لە سەرووی خەیاڵ و پێشبینییەکانیان دەبێت، و ئەوە ئێمەین کە مەرج و کاتی کۆتاییهاتنی هەر جەنگێکی نوێ دیاری دەکەین.
سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی ئێران ئاشکرای کرد کە لە ڕێگەی دەزگا هەواڵگرییەکانیانەوە بە وردی چاودێریی جووڵە و ئامادەکارییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن و گوتی: بانکێکی نوێ و فراوانمان لە پێگە و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی دوژمن لەبەردەستدایە و خستوومانەتە نێو خشتەی کارەکانمانەوە، بە بەردەوامییش زانیاریی ئامانجەکانمان نوێ دەکەینەوە.
عەبدوڵڵاهی دووپاتی کردەوە، چیتر سوپای ئێران چاوەڕوان ناکات تاوەکو لایەنی بەرامبەر دەستپێشخەری بکات و ڕایگەیاند: ئەگەر هەر ئاماژەیەکمان بۆ جووڵەیەکی دوژمنکارانە بەدیکرد، ئەوا خۆمان کات و شێوازی گورزوەشاندنەکە هەڵدەبژێرین.
ئەمە لە کاتێكدایە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپییەوە رایگەیاندبوو شەڕی دژ بە ئێران پێی ناوەتە مانگی حەوتەم و ئەمە جەنگێکی تەقلیدی و ئاسایی نییە.
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە تاران بە دەست تەنگژەیەکی قورسی داراییەوە دەناڵێنێت بە جۆرێک توانای پێدانی مووچەی سەرباز و پۆلیسەکانی خۆی نەماوە و گوتی: "گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی ئێرانی بەردەوامە و ئەوان دەیانەوێت قسە بکەن، بەڵام بەرەوڕووی کێشەی گەورە بوونەتەوە. راستییەکەی ئێمە کاتێکی زۆرمان لەبەردەستدایە و تێچووی مانەوەمان لەم شەڕەدا زۆر کەمە."
لەلایەکی دیکەوە، کەناڵی i24NEWS ئاشکرای کرد کە سوپای ئیسرائیل سەرجەم ئامادەکارییە سەربازییەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر ئێران تەواو کردووە و لە "ئامادەباشیی تەواو"دایە.
بەپێی هەڵسەنگاندنەکانی ناوەندە سەربازییەکانی ئیسرائیل، ئەم خولەی پێکدادان ئەگەر دەستپێبکات، درێژخایەن دەبێت و ئەگەری زۆر هەیە رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ تاران، ببێتە هۆی گڕگرتنی بەرەیەکی دیکەی جەنگ لە دژی حزبوڵڵا لە ناوچەکەدا.